دەستەڕاستێکی بەشار ئەلئەسەد: من و ڕێدور خەلیل سەرکردایەتیی شەڕەکان دەکەین

ئاژانسەکان-KDP.info- پارێزگاری حەسەکە ڕایگەیاند لەلایەن سوپای سووریاوە چەک بۆ پەیەدە دابین دەکرێت و لە زۆربەی شەڕەکان سوپای سووریا پاڵپشتی کردوون و بەو هۆیەوە توانیویانە ناوچەکانی حەسەکە ئازاد بکەن.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی سووریا، محمد زەعال ئەلعلی، پارێزگاری حەسەکە، باسی لە بارودۆخی سیاسیی باکووری سووریا کرد و لە وەڵامی ئەوەی کە شاری حەسەکە ڕادەستی هەرێمی فیدراڵی دەکرێت، وتی: "بە هیچ شێوەیەک حەسەکە تەسلیمی نە تورک و نە کورد ناکرێت، حەسەکە گەوهەری سووریایە، هەموو نەوت وگاز و گەنم و جۆی سووریا لە حەسەکەیە".
لە بەشیکی دیکەی دیمانەکەیدا پارێزگاری حەسەکە دانی نا بە بوونی پەیوەندیی نێوان حکومەتەکەی و پەیەدە و ڕایگەیاند: "چەکیان لەلایەن سوپاوە بۆ دابین کراوە، و لە زۆربەی شەڕەکان سوپای سووریا پاڵپشتی کردوون و بەو هۆیەوە توانیویانە ناوچەکانی حەسەکە ئازاد بکەن".
پارێزگاری حەسەکە وتیشی: "ڕێدور خەلیل فەرماندەی هێزەکانی یەپەگە، باش دەزانێ ئەو هێزانەی پاڵپشتی لێکردوون چەند بوون و چەند شەڕمان پێکەوە لە دژی گرووپەکان کردووە، من و کاک ڕێدور پێکەوە سەرکردایەتیی شەڕەکانمان کردووە". لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا محەمەد زەعال ئەلعەلی، باسی لە سەرکردەی دیاری پەکەکە "ئالدار خەلیل" کرد کە سەرپەرشتیاری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوایە و بە پیاوێکی نیشتمانپەروەر و گوێڕایەڵ وەسفی دەکات.
شایەنی باسە، لە دوای ڕاگەیاندنی فیدراڵیەتی هەرێمی باکووری سووریا لەلایەن پەیەدە، گرژی کەوتووەتە نێوان حکومەتەکەی بەشار ئەلئەسەد و پەیەدە، وێڕای ئەوەی چەندینجار سەرکردەکانی پەیەدە ڕایانگەیاندووە کە فیدراڵیەتی ئەوان نەتەوەیی نییە، بەڵکو سووریایەکی بچووککراوەیە.




