ئەنفال مەرگی لەسەرخۆی گەلێک بوو
ھەولێر-KDP.info- نووسەرو توێژەری کورد لە یادی ئەنفالدا دەڵێ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەبێت بزانێت کە (سایکس پیکۆ)و (لۆزان) چ کارەساتێکیان بە ڕووی ئەم کوردەدا کردەوە، "کوردقڕان پێی گوتن کە پێکەوەلکانی گەلان و تێکەڵکردنی خاک و نیشتمانەکان، ھەنگاوێکی کارەساتھێنەو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئێمە، ھەر ئەوەیان لە پێشدایە کە مافی پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانە و، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ ئێمەش بە ڕەوا بزانن."
ئەنفال مەرگی لەسەرخۆی گەلێک بوو
ئەنفال مەرگی لەسەرخۆی گەلێک بوو، ئەو مەرگە زیاتر لە (٢٠٠)ڕۆژی خایاند، ڕژێم شەوی دەدایە دەم ڕۆژ بۆ قڕکردنی لادێنشیینەکانی کوردستان و سوتاندنی خاک و وێرانکردنی ئاوەدانی و وشککردنی سەوزایی و کانییەکەی و نەھێشتنی مرۆڤێک بە ناوی کوردەوە، ھەرێمی کوردستانیش ڕۆژێکی دیاری کرد بۆ یادککردنەوەی ئەنفال کە (١٤/٤)ــە.
سەبارەت بەم یادە (عەبدولرەحمان سدیق) نووسەر و توێژەر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی عەرەبیدا و، بە زۆر لکاندنی باشووری کوردستان بەو دەوڵەتەوە، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە چاوی کەمینەیەکی ترسناکەوە لە کوردیان روانیوە، بۆیە لە پێناوی لاوازکردن و کۆنترۆڵکردن و، دواجاریش قڕکردنیدا، خۆیان لە بەکارھێنانی ھیچ شێوازێکی نایاسایی و نائاسایی و نامرۆڤانە، نەپاراستووە، سەردەمێک بە نکوڵیکردن لە مافە رۆشنبیریییەکانی ، سەردەمێکیش بە گۆڕینی ناوی شار و گوندەکانی و، سەردەمێکی دیکەش بە بەعەرەبکردن و، جارێکیش بە راگوێزانی، جارێکی دیکەش بە سوتماککردنی خاکی و، دواجاریش ناپاڵم و کیمیا پیاکردنی."
(سدیق) گوتیشی: "ھەموو ئەم کارەساتانەش بە بێدەنگی بەڕێوەچوون، ئەنجامدەرانی ئەم کارەساتانەش بەم کارەیان، کوردیان تووشی زیانێکی بێوێنە کرد و، ئیسلامیشیان شێواند کاتێک ناوی سورەتێکی (قورئان)ـیان بۆ ئەو شاڵاوە سەربازییە ھەڵبژارد و، ناوی (ئەنفال)ـیان لێنا. ئەو ناوەی تا ئەم ساتەوەختەش لە ھزروبیری زۆرێک لە پیر و لاو و منداڵدا بێزراوە و، بووە بە ھێما و سیمبولی وێرانکردن و کوشتن و کوردقڕان. لە ئێستا و داھاتوویشدا لە پاڵ ئەوەی پێویستە کەبایەخ بە زیندوو ڕاگرتنی ئەم یادو مەرگەساتە بدەین لە ناوخۆ و دەرەوەدا و، بە بەشداربوونی ھەموو حزب و رێکخراوەکان و، تەماشاکردنی کارەساتەکە وەک رۆژی پرسەی نیشتمانیی و، کارەساتەکە و ئەنجامدەرانیشی باشتر بەجیھان بناسێنین."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆ بەرواری ١٤/٤ وەک رۆژی ئەنفال دیاریکراوە؟
(سدیق) گوتی: "لە پرۆسەیەکی سەربازیی بێوێنەدا، کە ھەشت قۆناغی خایاند لە (شوبات)ـەوە ھەتا (ئەیلوول)ـی ساڵی (١٩٨٨) بەردەوام بوو، تیایدا زیاتر لە (٤٥٠٠) گوند خاپوور کران و، ھەزاران خانووبەرەی گوندنشینان وێران کران و، ڕەز و باخ و مەزراکان سوتێنران، سەرچاوەی ئاو و کانیاوەکان کۆنکرێتڕێژکران، شیرازەی کۆمەڵایەتیی خێزانەکان و خێڵ و گوندەکان تێکچوو، زیندووانی پاش کارەساتەکە لە کۆمەڵگا زۆرەملێکاندا تووشی خەمۆکی و نامۆبوون ھاتن و، منداڵان باری دەروونییان تێک چوو.. ئەم ھەشت قۆناغەی ئەنفال دابەش بوو بەسەر جیۆگرافیای جیاوازدا، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆرترین قوربانی یەکێک لە قۆناغەکان لە رۆژی(١٤/٤/١٩٨٨)ـدا بوو ، بۆیە ئەو رۆژە وەک سیمبولی ھەموو پرۆسەکانی ئەنفال دیارکرا."
داگیرکەران لەوپەڕی ھێز و لەخۆباییبووندا لووتی تانکەکانیان شکا
ئاماژەی بەوەی بەوەی کە، ئەوەی ئایا دەکرێت کارەساتی ئەنفال و کوردقڕان پەیامێکی فرەڕەھەندی بە داگیرکەران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دابێت؟ (عەبدوڕەحمان سدیق) باوەڕی وایە کە، "پرۆسەی سەربازیی ئەنفال، یان ترسناکترین جینۆسایدی سەدەی بیست، یان کوردقڕان، ھێندە شوم و کارەساتھێن بوو، ئەوەی شیاو بێت بە وەڵامی ئەم پرسیارە پەسەند بکرێت ئەوەیە، کە پێویستە وەڵامێکی پەیامئامێز بێت بۆ گشت ئەوانەی کە دەتوانن لە ئایندەدا رێگریی لە چەندبارەبوونەوەی کارەساتێکی لەم چەشنە بکەن. داگیرکەران ئیدی دەبێت لەوە حاڵیی بووبن کە کوردقڕان وەڵامێکی حاشاھەڵنەگری بەوان دایەوە: کە سڕینەوەی ناسنامە و زمان و مۆرک و کولتووری گەلان تاوانێکە و دژ بە ویستی خوایە و، لێی بێدەنگ نابێت، بۆیە ئێمە لەوپەڕی لاوازییدا و بە جەستەی شەکەتی دوای زەمەنی خۆحەشاردان و، بە ھەناسەی سواری دوای کیمیابارانەوە، دەرگای رزگاری و، پەنجەرەی ئازادیمان لێ کرایەوە، داگیرکەرانیش لەوپەڕی ھێز و لەخۆباییبووندا لووتی تانکەکانیان شکا و، دەرگای دنیایان بە ڕوودا داخرا و، گەمارۆدران و، پاشان کەوتنە بەر ھێرشی سوپای وڵاتان و لەنێو بران".
ئەو نووسەر و توێژەرە هەروەها گوتی، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەبێت بزانێت کە (سایکس پیکۆ)و (لۆزان) چ کارەساتێکیان بە ڕووی ئەم کوردەدا کردەوە، کوردقڕان پێیگوتن کە پێکەوەلکانی گەلان و تێکەڵکردنی خاک و نیشتمانەکان، ھەنگاوێکی کارەساتھێنە و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ئێمە و، سڕینەوەی گوناھەکانی خۆیان، ھەر ئەوەیان لە پێشدایە کە مافی پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانە و، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ ئێمەش بە ڕەوا بزانن".
کورد لە دیدی داگیرکەراندا، (بوون)ـە، (وجود)ە
زامەکانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال هێشتا ساڕێژ نەبوون، هێشتا تێیاندا هەیە لە چاوەڕوانیی جگەرکۆشەکانیاندان، هەندێکی کەسوکاری ئەنفالکراوان چونکە کەوتوونەتە وا بارێکی دەروونییەوە، تروسکایێک لە ژیانیاندا هەبێ، ئەو چاوەڕوانییەیە.
(سدیق) دەڵێ: "بۆ زیاتر زیندووڕاگۆتنی ئەم یادە، پێویستە ئاگاداری ئەم ھەنگاوانە بین بە بەردەوامیی وەک جێکردنەوە و دانانی کارەساتەکە لە خانەی راستەقینەی خۆی کە (جینۆساید)ە و، چەندین بڕگە و ماددەی بۆ تەرخان کراوە لە یاسا و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا و، ھەنگاوی باشتر بنرێت بۆ زیندووانی پاش کارەساتەکە بە کۆکردنەوەی زانیاری و ئامارکردنیان و چاککردنی باری ئابوورییان و، ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانیان و، شیاندنیان لە رووی دەروونییەوە؛ ھەروەھا راڤەکردنی مانای راستەقینەی ئەنفال بۆ جەماوەر، ئەرکێکی لەپێشینەی زانایانی ئایینی ئیسلامە، بۆ ئەوەی چیدی ئەنجامدەرانی ئەم کارەساتە و، ھەر کارەساتێکی دی، بۆ ڕەوایەتیی تاوانەکانیان نەگەڕێن لە دووتوێی قورئان و، لەژێر پەردەی ئاییندا و پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانیی لەنێو خۆماندا، بۆیە پێویستە لەو راستییە بگەین کە کوردقڕان، لەناوبردنی ھەمووان بوو، چونکە کورد لە دیدی داگیرکەراندا ھەمیشە بەرلەوەی (را و بیروبۆچوون) بێت، (بوون)ـە، بەر لەوەی (ئینتیما) بێت (وجود)ە."
فایزە پاڵانی




