جێگری سەرۆكی پەرلەمان: پەرەپێدانی بواری مافەكانی مرۆڤ لە ئەولەوییاتی كارەكانی ئێمەیە

ههولێر-KDP.info- (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، رایگهیاند، پاراستن و برەودانی مافەكانی مرۆڤ لە ئەولەوییاتی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانە.
ئەمڕۆ سێشەممە، (دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەشداری كرد لە مێزگردێك بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رۆڵی پەرلەمانی كوردستان لە پاراستن و برەودانی مافەكانی مرۆڤ، كە رێكخراوی یۆنامی لە هۆتێلی نێودهوڵێتیی هەولێری سازی كرد، بە بەشداریی جێگری نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان(جۆرجی بۆستن) و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنە پەیوەندیدارەكان.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە وتارێكدا تیشكی خستە سەر گرینگیی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی تاكەكەس لە كۆمەڵگادا لە سەر بناغەی پێشكەوتنی هزری ئەو كۆمەڵگایە، هەروەها باسی دەستەڵاتەكانی پەرلەمانی كرد لە ئەركی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە رێگای دەرچوواندنی یاساكان و چاودێریی جێبەجێكردنیان و، چاودێریی كارەكانی حكوومەت لەم بوارەدا.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان سازكردنی ئەم جۆرە مێزگردانە بە هەنگاوێكی پڕبایەخ وەسف كرد و، ستایشی هەوڵەكانی رێكخراوی یۆنامی كرد لە بواری مافەكانی مرۆڤ و هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان، بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارە و، دووپاتی كردەوە كە پاراستن و برەودانی مافەكانی مرۆڤ لە ئەولەوییاتی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانە.




