٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، پشتگیریی وڵاتەكە‌ی بۆ كوردستان و پێشمەرگە دووپات كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "شەڕی دژی تیرۆر، شەڕی ئێمەیشە و ئەو تیرۆرستانەی لێرە پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، هەمان ئەو تیرۆریستانەن‌ كە لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیكە تەقینەوە و كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن".

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 12/4/2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (ژان ئیڤ لودریان) وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا، (لوردیان) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا و گوتی: "بەڵێنم بە (سەرۆك بارزانی) دابوو سەردانی كورستان بكەمەوە، بۆیە خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ دووبارە لە هەولێرم و هاتووم تاكو پشتگیریی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دووپات بكەمەوە".

ئەو هەروەها ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی تیرۆردا كرد و ڕایگەیاند: "شەڕی دژی تیرۆر، شەڕی ئێمەیشە و ئەو تیرۆرستانەی لێرە پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، هەمان ئەو تیرۆریستانەن‌ كە لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیكە تەقینەوە و كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن".

لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی كوردستان بە گشتی و پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و پلان و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ بە تایبەتی تاوتوو كرا. لەمبارەیەوە هەردوولا جەختیان لە گرینگیی ئازادكرنی مووسڵ و ڕۆڵی پێشمەرگە و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان پێشمەرگە، سوپای عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان لەو ئۆپەراسیۆنەدا كردەوە. سەرۆكوەزیرانیش دووپاتی كردەوە كە ئازادكرنی مووسڵ بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرینگە و، هەبوونی پلانێكی ڕوونی تۆكمە و دابەشكردنی ڕۆڵی هێزە بەشدارەكانی ئەو ئۆپەراسیۆنەی بە مەرجی سەركەوتنی؛ لە قەڵەم دا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، دۆخی پێشمەرگە و پێدوایستییە سەربازی و داراییەكانی خرانە بەر باس و، لەمبارەیەوە سەرۆكوەزیران جەختی لەوە كردەوە كە، دەبێ حكوومەتی فیدراڵیی عێراق هاوكاریی سەربازی و داراییی پێشمەرگە بكات، هەروەها داوای كرد فەڕەنسایش لە ڕێگەی خۆیەوە هەوڵ بدات ئەو یارمەتییە سەربازییە نێودەوڵەتیانەی دەدرێنە عیراق، بەشی هەرێمی كوردستانیان لێ بدرێت و بگەنە پێشمەرگە.

وەزیری بەرگریی فەڕەنسایش پەیمانی دا كە ئەم داوایە بگەیێنێتە (سەرۆك ئۆلاند) و لایەنە پەیوەندارە نێودەوڵەتییەكان و ڕایگەیاند: "دیسان مانگی حوزەیرانی داهاتوو هاوكاریی سەربازیی فەڕەنسا دەگاتە پێشمەرگە".

لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا (نێچیرڤان بارزانی) سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی فەڕەنسا و (سەرۆك ئۆلاند) لە هەرێمی كوردستان، دووپات كردەوە. هەروەها هەوڵدان بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە ڕوویی داراییەوە، دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و پێویستیی هاوكاریكردنیان لەلایەن عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێی و چەند پرسێكی دیكەیش، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوو كران.

هەواڵی پەیوەندیدار