بزووتنەوەی ئیسلامی: كورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.. دەبێ بەغدا تێبگات

سلێمانی-KDP.info- گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان دەڵێ، دەبێت بەغدا لەو راستییە تێبگات كە كورد ئەمڕۆیش نەبێت، سبەی هەر بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات، چونكە ناكرێت نەتەوەیەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زمانی جیاواز و نەتەوەی جیاواز و خاكی جیاوازی هەبێت، بەڵام دەوڵەتی نەبێت".
(د. عەبدوڵڵا وەرتی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پرسی ریفراندۆم، پرسێكی نیشتیمانی و نەتەوەییە و مافێكی دەستووری و یاسایی گەلی كوردستانە كە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و، لەم رێگایەوە بگاتە ئاواتی خۆی كە بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، لە لایەكی دیكەیشەوە پێویستە بەغدا لەوە تێبگات و ئەو دۆخە قبووڵ بكات كە كورد تێیدا دەژیت، چونكە زمان و خاك و نەتەوەی جیاوازمان لەگەڵ بەغدا هەیە، بەغدایش دەبێت لەو راستییە تێبگات كە كورد ئەمڕۆیش نەبێت، سبەی هەر بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات، چونكە ناكرێت نەتەوەیەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زمانی جیاواز و نەتەوەی جیاواز و خاكی جیاوازی هەبێت، بەڵام دەوڵەتی نەبێت".
(وەرتی) گوتیشی: "وەك كورد پێویستمان بەوە هەیە بە هێمانانە لەگەڵ بەغدا ئەو بابەتە تاوتوو بكەین، ئەگەر بەغدا پشگیریمان بكات، بۆ ئێمە و بۆ ئەوانیش باشە، چونكە دەبینە دوو دراوسێی باشتر بۆ یەكتری، نەك لەگەڵ یەكتری بكەوینە شەڕەوە و ببینە دوو دراوسێی ناحەزی یەكتری، ئێمە لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش گوتمان دەبوو لە 1992ـەوە كۆمیتەیەك هەبووایە و كاری لەسەر ئەوە بكردبایە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بۆ جیابوونەوە بكرایە، ئێستایش دەڵێین، دەبێت ئەو كۆمیتەیە هەبێت بۆ ئەوەی لەسەر پرسی ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا بگەیەنە ئەنجام و، دواتر لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا دەست بە گفتوگۆ بكەین".
كارزان سەباح




