"پەكەكە خوێنی كوردانی ئێزدی دەڕێژێت.. ناتوانن ڕێگە لە سەربەخۆیی كوردستان بگرن"

دهۆك-KDP.info- كەسایەتییەكی ئێزدی ڕایدەگەیێنێت، پەكەكە، بەردەوام هەوڵی ڕفاندنی كوڕ و كچانی ئێزدی دەدات، دەیانباتە ناو ڕیزەكانی خۆیەوە و بۆ مەرامی تایبەتی بەكاریان دەهێنێت، ئەوەیش جێگەی قەبووڵكردن نییە، چونكە ڕق و كینە لەناو كوردانی ئێزدیدا بڵاو دەكاتەوە و خوێنی گەنجانی ئێزدی دەڕێژێت.
(هادی دوبانی) كەسایەتیی دیاری ئێزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەكەكە لەگەڵ هەندێك وڵاتی ناوچەكە، دەیانەوێت لە شنگال گوشار بخەنە سەر حكوومەتی هەرێم، كە هەموومان دەزانین بەرەو ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین، ئەوانیش دەیانەوێت حكوومەتی هەرێم لەجیاتی ئەوەی خەریكی كاركردن بۆ سەربەخۆیی بێت، سەرقاڵی كێشەكانی كورد و كورد بێت، یەپەشە جگە لە زیانگەیاندن بە دۆزی نەتەوەی كورد، هیچ سوودێكیان بۆ حكوومەتی هەرێم نییە، بۆیە ئەوان و هەموو وڵاتانی داگیركەر ناتوانن ڕێگە لە سەربەخۆیی كوردستان بگرن، چونكە خەڵكی كوردستان بڕیاری داوە و لەسەر بڕیارەكەی خۆی بەردەوام دەبێت، تا بە ئاواتەكانی خۆی دەگات".
(دوبانی) گوتیشی: "پاش هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ شنگال و دەوروبەری، هەندێك لایەنی سیاسی، بە تایبەتی ئەو لایەنانەی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، هاتنە ناو شنگالەوە، یەكێك لەو هێزانە پەكەكە بوو، ئێستا پەكەكە ئامادە نییە شنگال و ئەو ناوچانەی لێی نیشتەجێ بووە، جێ بهێڵێت، وەك كورد ئەركێكی نەتەوەیی لەسەر ئێمەیە كە هاوكاریی یەكدی بكەین، كاتێك كۆبانی كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش، هێزی پێشمەرگە ئەركی نەتەوایەتیی خۆی ئەنجام دا و كۆبانیی ئازاد كرد، دوای ئازادكردنی شارەكە و بەجێگەیاندنی ئەركی خۆی، گەڕایەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام پەكەكە پێچەوانەی ئەوە بەردەوام هەوڵی ڕفاندنی كوڕ و كچانی ئێزدی دەدات و دەیانباتە ناو ڕیزەكانی خۆی و بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەكاریان دەهێنێت، ئەوەیش جێگەی قەبووڵكردن نییە، چونكە ڕق و كینە لەناو كوردانی ئێزدیدا بڵاو دەكاتەوە و خوێنی گەنجانی كوردی ئێزدی دەڕێژێت، لەگەڵ ئەوەیشدا هەر كوردێكی ئێزدی بیەوێت ناوچەكانی خۆی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بكات، ئەوە هێزی پێشمەرگە هەیە با لە ناو ڕیزەكانی پێشمەرگەدا درێژە بە خەباتی خۆی بدات و، كچ و كوڕانی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار بكات".
رابین شێروانی




