ئازیزی: پەیەدە بووەتە ئەڵقەلەگوێی نەیاران.. متمانەیان نەماوە

هەولێر-KDP.info- لە دوایین هەڵوێستی واشنتۆن لەسەر بارودۆخی سووریا، (جۆن باس) باڵیۆزی ئەمەریكا لە ئانكارا ڕایگەیاند، چیدیكە چەك و كەرەستەی سەربازی نادەنە هێزەكانی یەپەگە لە سووریا، ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریایش دەڵێت: "پەیەدە متمانەی نەماوە".
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی راگرتنی هاوكاریی سەربازیی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی یەپەگە، ناڕەزایی لەسەر پەیەدە زیاد دەبێت، بەوەی توانای ئیدارەدانی ڕۆژئاوای كوردستانی نییە، لەو بارەیەوە، (د. كاوە ئازیزی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمەریكا گەییشتووەتە ئەو باوەڕەی كە، هێزەكانی یەپەگەی سەر بە پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە)، هێزێكی حزبین و فەرمان له دەرەوە وەردەگرن و بوونەتە پارێزەری ڕژێمی (بەشار ئەسەد)، هەرروەها پەیەدەیش ئەجێندای وڵاتانی دەرەوە لە سووریا جێبەجێ دەكات، سەرجەم ئەم هۆكارانە و هۆكاری دیكەیش، لەوانە هەڵكوتانەسەر هێزە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و گرتن و ئەشكەنجەدانی كەسانی سیاسی، وای كردووە كە ئەمەریكا متمانەی بەو هێزە نەبێت".
(ئازیزی) گوتیشی: "پەیەدە سیاسەتی گوشاری بەرانبەر بە هێزە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان گرتووەتە بەر و بە هیچ جۆرێك ناچێتە ژێر گوشاری هیچ كەسێكەوە، تەنیا گوێ لە قسەی چوار تا پێنج سەركردەی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) دەگرێت و، بووەتە ئەڵقە لە گوێی نەیاران و فەرمانڕانەكانی دەرەوەی خۆی".
كارزان هەورامی




