"دوو داواكاری دەر‌باره‌ی پاره دزراوه‌كه پێشكه‌ش به ته‌ندروستیی عێراق ده‌كەن"

مووسڵ-KDP.info- جێگری به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی ته‌ندروستیی مووسڵ دەڵێ شوێنی پاره دزراوەکەی فه‌رمانبه‌رە ئاواره‌کانی ته‌ندروستیی مووسڵ دەکەون و، سه‌ردانی به‌غدایش ده‌كه‌ن.
(د. ئه‌حمه‌د نازم دووبه‌ردانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بەڕێوەبەرایەتیی ته‌ندروستیی پارێزگای مووسڵ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای دارایی (عبر الخلیج)ـدا وا ڕێک کەوتبوون گوایە ئەو کۆمپانیایە كه باره‌گاكه‌ی له به‌غدادایە، پاره‌ی فه‌رمانبه‌رە ئاواره‌کانی ته‌ندروستیی مووسڵ بگەیێننە هه‌رێمی كوردستان؛ کەچی پارە لە هیچ کوێوە دیار نییە! به په‌له په‌یوه‌ندییەکم كرد به ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و سه‌ۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی و دوو ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، (د. ماجد شنگالی) و (د. فارس بریفكانی)ـیەوە و، کۆ بووینەوە و، لە ئاخرەوە پارێزگاریشمان لەو بەزمە ئاگادار کردەوە.
جێگری به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی ته‌ندروستیی پارێزگای مووسڵ دەیشڵێت: "بڕیارمان داوه سبه‌ی سێشه‌ممه سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ین و له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستیدا دابنیشین؛ دوو داواكاریمان ده‌بێت؛ یه‌كه‌م لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێك بهێنرێت و، له وه‌زاره‌ته‌وه بچنە بانكی ناوه‌ندی بزانن ئه‌و پاره‌یه گه‌یشتووەته كوێ و به‌ره‌و كوێ براوه هەتا بتوانن ڕای بگرن. دووه‌مینیش، به په‌له بڕی 11ملیار‌و800ملیۆن دینار دابین بکەن بۆ فه‌رمانبه‌رە ئاوارەکانی ته‌ندروستی؛ ئاخر ئەوان چ گوناحێکیان نییە؛ مووچەی خۆیانە و هەر دەبێ بیاندرێتێ."
(د. ئه‌حمه‌د دوبه‌ردانی) ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "(د. ماجد شنگالی) و (د.فارس بریفكانی) به‌ڵێنیان داوه ڕۆژی پێنجشه‌ممه سه‌ردانی (حه‌یده‌ر عه‌بادی) سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بكه‌ن بۆ ئه‌و پرسه و داوای 11ملیار‌و800 ملیۆن دینار بكه‌ن وه‌كو قه‌ره‌بوو بۆ فه‌رمانبه‌رانی ته‌ندروستیی پارێزگای مووسڵ. خۆیشم نووسراوێكم كردووه بۆ پارێزگاری مووسڵ بۆ ئه‌وه‌ی له میزانیه‌ی پارێزگا سلفه‌یه‌كمان پێ بده‌ن تا بیده‌ین به‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی خۆمان."
نه‌شوان به‌رزنجی




