لە بەشیردا، حەشدیشەعبی ٤٠یان لێ کوژراوە و، ٨٠یان لێ بریندارە
_(1)__2016_04_11_h20m7s35__HK.jpg)
داقووق-KDP.info- لە ھێرشەکەی حەشدیشەعبی بۆ سەر گوندی بەشیر ٤٠ چەکداری حەشدیشەعبی کوژراون و ٨٠ـی دیکەشیان لێ بریندار بووە؛ بێجگە لەوەی شکاون، ٢٠ تەرمیشیان لێ کەوتووەتە دەست داعش.
بەرپرسی ئاسایشی داقووق مقەدەم (پۆڵا ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھێرشەکەی حەشدیشەعبی بۆ سەر گوندی بەشیر شەکەستێکی گەورەیان خوارد و، نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بێنن و، زیاتر لە ٤٠ کوژراو و ٨٠ برینداریان ھەیە و، ٢٠ تەرمیشیان کەوتووەتە دەست تیرۆریستانی داعش و، فەرماندە فەوجێکیشیان کوژراوە."
مقەدەم (پۆڵا ئەحمەد) گوتیشی، فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان پشتی حەشدیشەعبی ناگرن، چونکە ھەماھەنگیان نییە.
وتیشی، حەشدیشەعبی ڕەنگە بتوانی ئەو گوندە ئازاد بکەن، بەڵام نایانەوێت پێشمەرگە بەشدار بێت، بۆ ئەوەی لەوێ بمینێنەوە و نەڕۆن، بۆیە ئەمە پرسێکی زیاتر سیاسییە لەوەی سەربازی بێت.
(ئەحمەد) ئەوەشی خستە ڕوو، گەر ڕێگە بە پێشمەرگە بدرێت دەتوانێت بە ڕۆژێک گوندی بەشیر بە تەواوەتی ئازاد بکەن.
بڵند ئیبراھیم




