گۆڕانی سنوورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد

ئاژانسەکان-KDP.info- بە بڕیارێکی میسر، سنووری سعوودیە و ئیسرائیل لە رێی هەردوو دووەگەی (سەنافیر و تیران)ەوە دەگەنە یەک.
ئەو بڕیارە دوای سەردانەکەی پادشای سعوودیا سەلمانی کوڕی عەبدولعەزیز بۆ میسر دێت، گوتەبێژی حکوومەتی میسر ڕایگەیاند کە ئەو بڕیارەی دادگا دوای (یازدە) دانیشتنی نێوان پسپۆڕانی هەردوولا دەرکراوە.
بڕیاری دادگای میسری بە گەڕاندنەوەی خاوەنداریەتی هەردوو دوورگەی (سەنافیر و تیران) شەپۆڵێکی ناڕەزایەتیی میسرییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو دوو دوورگەیە کە دەکەونە باکووری دەریای سوور و سەرسنووری ئیسرائیل، لە ساڵی ١٩٥٦ لە کاتی هێرشی سێ قۆڵی بۆ سەر میسر کراونەتە دوو بنکەی سەربازیی سوپای میسر. ئەو دوو دوورگەیە، سعودیا دەکاتە دراوسێی نوێی ئیسرائیل و چاودێرانیش ئەو کارەی میسر بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لەگەڵ سعوودیا دەگێڕنەوە بەتایبەتی لە بەرامبەر بەرفراوانبوونی هەژمونی ئێران لە ناوچەکەدا.
لەو هاوکێشەشدا ئیسرائیل ڕۆڵ و سەنگی گرنگ و کاریگەری دەبێت، ڕەنگە ئەوە ببێتە زیاتر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران ئامانجی هاوبەشیانە.




