ڕژێمی ئەسەد دەست بە سەر ڕۆژئاوادا دەگرێتەوە

ئاژانسەکان-KDP.info- دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا کە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی لیژنەی ئامادەکاریی هەڵبژاردن بڕیارە لە سێزدەی ئەم مانگە واتە دوای دوو ڕۆژی دیکە بەڕێوە بچێت، هەر سێ کانتۆنی ڕۆژئاوای کوردستانیشی گرتۆتەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی سەر بە حکوومەتی سووریا لە هەر سێ کانتۆنەکان کاندیدیان هەیە و هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین یەکێکە لە کاندیدەکانی یەکێتی ئافرەتانی سووریا، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن ژمارەیەکی زۆری لە سووپا و کارمەندانی ئەمن و موخابەرات لە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی قامشلۆ بڵاوە پیکردووە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، لە ڕۆژی حەوتی نیسان و لە یادی دامەزراندنی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی، پەیکەرێکی گەورەی حافز ئەلئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا و باوکی بەشار ئەلئەسەد لە ناوەڕاستی شاری قامشلو نۆژەن کرایەوە و ئێستا لەلایەن مەفرەزەیەکی ئەمن بە هاوکاریی ئاسایشی یەپەگە پاسەوانی لێدەکرێت.




