لەژێر دەستی داعشدا لە عێراق، منداڵان فێری دروستکردنی بۆمب دەکرێن

ئاژانسەکان-KDP.info- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعشدا لە عێراق، منداڵان لە قوتابخانەکاندا فێری دروستکردنی بۆمب دەکرێن.
ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە دواڕاپۆرتی خۆیدا، ئاشکرای کرد،کە لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە عێراق، منداڵان چەکدار دەکرێن و لە قوتابخانەکاندا فێری دروستکردنی بۆمبیان دەکەن.
ڕاپۆرتەکەی ھیومان ڕایتس ۆچ باس لەوە دەکات کە "داعش بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژییە جیهادییەکەی، منداڵان لە قوتابخانەکاندا فێری دروستکردنی بۆمب دەکەن و بە ھیوای ئەوەی لە ڕیزەکانی خۆیدا سوودیان لێوەربگرێت."
ئاماژەیشی دا، بەکارھێنانی ئەو قوتابخانانە لەلایەن داعشەوە وەک بنکەی کارکردن و لە ترسی ئەوەی نەوەک ھێرشی ئاسمانییان بکرێتە سەر، ژمارەیەکی زۆر لە دایکان و باوکان منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەرھێناوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی ئاسایش ڕێگری لەوە دەکات لایەنە شەڕکەرەکان کاری خۆیان تێکەڵی خوێندن بکەن.
ھەروەھا سکای ویلەر لێکۆڵەرەوەی باری فریاگوزاری لە ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (ھیومان ڕایتس ۆچ) باس لە باری ناھەمواریی کچان و ژنانی ئێزدی دەکات،کە وەک کۆیلەی سێکسی لەلایەن داعشەوە براون و تا دێ ژیانیان سەختتر دەبێ و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.




