دیندار زێباری: پێشوازی لە راپۆرتی رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ دەكەین

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (دیندار زێباری)، لە ڕاگەیێندراوێكدا دەڵێ، پێویستە هەماهەنگی هەمەلایەنەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی ئەو ئافرەتانەی لە دەست داعش رزگار دەكرێن، هەبێت. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، "پێشوازی لە راپۆرتی رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ دەكەین".
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ كە رۆژی چوارشەممە رێككەوتی 6/4/2016 ڕاپۆرتێكی بە ناوی (ژیانی ئافرەتانی ژێردەستی داعش) بڵاو كردەوە، لەم بارەیەوە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە راپۆرتەكە راگەیاند و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی ئابووری و شەڕێكی سەپێنراودایە، بەڵام گرینگییەكی زۆری بە ئاوارە و پەنابەران بە گشتی و ئافرەتە ئێزدییەكان داوە و لە هەوڵی بەردەوامدا بووە بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانیان و نەهێشتنی كەموكوڕییەكان، لە لایەنی تەندروستیی جەستەیی و دەروونی و دابینكردنی پێداویستییە تەندروستییەكان، بە تایبەتی لەبواری منداڵبوون و دایكایەتی.
لە روانگەی بڕوابوونی بە پرەنسیپەكان مافی مرۆڤ و كاركردن لە پێناو چەسپاندنیدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەو راپۆرتانە دەكات دەربارەی هەرێمی كوردستان لەلایەنە نێودەوڵەتییەكانەوە دەردەچن و، ئامادەی هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەكی پێویستین لەگەڵ ئەو لایەنانە بۆ دەرخستنی راستییەكان و پتەوكردنی بنەماكانی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەو راپۆرتەی رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ دەكات كە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 6/4/2016 بە ناوی (ژیانی ئافرەتانی ژێردەستی داعش) بڵاوی كردەوە، لە هەمان كاتدا هاوڕاین لەگەڵی كە پێویستە هاوكاریی زیاتری ئەو ئافرەتانە بكرێت كە لە ژێردەستی داعش رزگاریان دەبێت لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیدا، لەوانەیش رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) كە پێویستە بە شێوەیەكی بەردەوام و درێژخایەن هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بكەن لەم رووەوە، چونكە ئەم تەحەددییاتانە درێژخایەن و بەردەوامن، بۆیە پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەكان هاوكاری و هەماهەنگی بكەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی پێشكەوتوو و باشتر مامەڵە لەگەڵ ئەم كەیسەدا بكرێت. رێكخراوی (هیومن رایتس وۆچ) لە راپۆرتەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات كە، قەیرانی ئابووری ئاستەنگی دروست كردووە لە رووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بە ئاوارە و پەنابەران.
دوای داگیركردنی شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، (6284) هاووڵاتیی كوردی ئێزدی رفێندران، لەوانە 3467 مێ و 2817 نێر، حكوومەتی هەرێم هەوڵەكانی خۆی چڕ كردەوە بۆ رزگاركردنیان، لە رۆژی 25/11/2014 لێژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئافرەتە ئێزدییە رفێندراوەكان و بوودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگارردنیان، دوای گەڕانەوەیشیان حكوومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا و دەستپێكردنەوەی ژیانێكی ئاسایی. هەروەها هەوڵی داوە لە كەمپەكان ئافرەتان هۆشیار بكرێنەوە بە مافەكانیان لە هەموو بوارەكاندا و، لە چوارچێوەی كاری حكوومەت لەم بوارەدا، تا ئێستا توانراوە ژمارەیەكی زۆر لە رفێندراوەكان ئازاد بكرێن و هەوڵەكانی حكوومەت بەردەوامن لەم بوارەدا.
حكوومەتی هەرێم لێژنەیەكی دامەزراندووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان، كە پێك هاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و، ئەركی سەرەكیی ئەم لێژنەیە كۆكردنەوەی زۆرترین بەڵگە و دۆكیومێنتە لەسەر تاوانەكانی داعش و لەم بوارەوە تا ئێستا بە هەزاران بەڵگە لەسەر ئەم تاوانە كۆ كراونەتەوە، هەروەها چەندین لیژنەی لاوەكی دامەزراون لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان لە ئەمەریكا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و یەكێتیی ئەورووپا و دەستیان بە كارەكانیان كردووە بۆ ناساندنی ئەم كەیسە بە جینۆساید و پێشكەشكردنی بەڵگە پەیوەندیدارەكان بۆ دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای.
رۆژانە هاووڵاتیان لە ژێر دەسەڵاتی داعش روو دەكەنە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختەی هەرێم پێشوازییان لێ دەكات و لە كەمپەكان نیشتەجێیان دەكات و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانیان پێشكەش دەكات، هەروەها بە دەیان هەزار لەو ئاوارە عەرەبانە لە دەرەوەی كەمپەكان و لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان نیشتەجێن.
بۆ پاراستنی ئەمن و ئاساییشی كەمپەكان دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم چەند رێوشوێنێكی تایبەت دەگرنە بەر بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەكانیان، چونكە ئێستا ژمارەیەك لە تیرۆریستانی داعش لە نێو ئەو خانەوادە ئاوارانەی كە روویان كردووەتە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە دزەیان كردووە و دواتر لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر كراون، هەروەها چەند جارێك لە كاتی پشكنینی ئەو كەسانە لە ساترەكان و خاڵەكانی پشكنین چەكی جۆراوجۆریان پێ بووە و ویستوویانە بیهێننە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە، گیراون.
ئێمە لە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران، راپۆرتی رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ بە هەند وەردەگرین و لە كاتێكی زوودا وەڵامی راپۆرتەكە بە زانیاری و داتای ورد دەدەینەوە.




