دیمستۆرا بەرەو ئێران بەڕێدەکەوێت

ئاژانسەکان-KDP.info- سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کۆبوونەوەکانی جنێڤ، نێردەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا سەردانی وڵاتەکەی دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی ھەواڵی سپوتنیکی ڕووسی ڕاگەیاندووە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کۆبوونەوەکانی جنێڤ، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە، یان سبەی دووشەمە، ستیفان دیمستۆرا نێردەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەگاتە تاران.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دیمستۆرا لە تاران، چارەسەرکردنی بارودۆخی سووریا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و باسکردن لە خولی داھاتووی گفتوگۆکانی جنێڤ کە بڕیارە لە 13ی ئەم مانگە دەست پێبکاتەوە، لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ دەکات.
دیمستۆرا ڕایگەیاندووە،کە سەردانی ڕووسیا و ئێران دەکات و وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش پێشتر ڕایگەیاندبووە، بەر لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، نوێنەرەکەی بان کی مون، سەردانی مۆسکۆ دەکات.




