"بابەتی ڕاپرسی و مافی چارەنووس لە هەموو ناكۆكییەك گەورەترە"

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، با لایەنە سیاسییەكان بە پەلە لەگەڵ یەكتردا دابنیشن و ناكۆكییەكانیان كەم بكەنەوە و، بە پەلە ڕێك بكەون، چونكە بابەتی ڕاپرسی و مافی چارەنووس لە هەموو ناكۆكییەك گەورەترە.
(موسلیح ڕەجەب) ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سوسیالدیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بابەتی ڕاپرسی و مافی چارەنووس لە هەموو ناكۆكییەك گەورەترە، مادامەکینێ ئەم پرسە هاتووەتە پێشەوە، دەبێ پرس و ململانێی ناوخۆیی، ببڕێننەوە، پێویستە لایەنە سیاسییەكان ئێستا بە پەلە لەگەڵ یەكتردا دابنیشن و، ناكۆكییەكانیان كەم بكەنەوە، بە پەلە ڕێك بكەون، چونكە بابەتی ڕاپرسی و مافی چارەنووس لە هەموو ناكۆكییەك گەورەترە."
دەیشڵێت: "هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكوومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢٠ـەوە تا ئێستا هەر كەسێك حوكمی عێراقی كردبێت، بە ئاگر و ئاسن دژی گەلی كورد وەستاوەتەوە، ئەوەی ئێستایش هەر ئەو بەزمەیە؛ دوای ڕزگاركرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ كورد هەوڵێكی جددی دا كە عێراقێك دروست بكاتەوە كە مافی هەموو پێكهاتەكان پارێزراو بێت، بەڵام بە داخەوە حكوومەتی عێراق تا دێ دژی گەلی كورد دەوەستێتەوە، وەك بڕینی قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان و، ڕاگەیاندنی حكوومەتی بە ناو تەكنۆكرات؛ جا بە داخەوە ئەو عێراقەی ئێمە دەمانویست وا دەرنەچوو؛ داوا لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد دەكەم، كێشەی ناوخۆ چارەسەر بكەن؛ با دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و پەرلەمان كارا بكرێتەوە، با ئەو هەلە زێڕینەی بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە، لەکیس نەچێت؛ وا زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیهان پشتگیری لە كورد دەكەن و بە هێزی پێشمەرگە سەرسامن، بۆیە نابێت ئەو دەرفەتە لە دەست بدەین؛ چاوەڕوانین کە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژێك بۆ ڕاپرسی دیاری بكات، بۆ ئەوەی گەلی كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی شاد بێت".
رابین شێروانی




