بڕیارە بریندارانی چەكی كیمیایی ڕەوانەی توركیا بكرێن

هەولێر-KDP.info- لە كیمیابارانکرانەکەی خورماتوودا، چوارهەزار كەس بریندار بوونە و دوو منداڵیش بوونهته قوربانی؛ بۆ چارەسەرکردنی بریندارەكان، جارێ ٢٢ کەسیان لێ ڕەوانەی توركیا كراون و، بڕیارە كاروانی دیكەیش ڕەوانە بكرێن.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی (ئایدن مەعرووف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داعش بە چەكی كیمیایی لە توركمانەكانی خورماتووی داوە؛ لەو کیمابارانەدا چوارهەزار كەس بریندار کەوتوونە و دوو منداڵیش گیانیان لە دەست داوە، کەچی بەغدا نەک هەر نەهاتووە بە هانای بریندارانەوە، هیچ هەڵوێستێكی نییە و بێدەنگە!"
(مەعرووف) گوتیشی، لەبەر ئەوەی بەغدا بێهەڵوێست بووە و هیچ كارێكی بۆیان نەكردووە، ٢٢ كەس لەوانەی بریندار بوونە، ڕەوانەی توركیا كراون بۆ چارەسەر؛ جا سپاسی توركیا دەكەین كە ڕەزامەندییان نیشان دا بۆ چارەسەركردنی ئەو بریندارانە.
ڕوونیشی كردەوە كە، ئەوانەی ڕەوانەی توركیا كراون، حاڵیان شپرز بوو، ئەمەیش وەكو كاروانی یەكەم بووە و، بڕیارە كاروانە برینداری دیكەیش بەرەبەرە ڕەوانەی توركیا بكرێن.
بڵند ئیبراهیم




