"سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، پەیوەندی بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاوە هەبوو"

بەغدا-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، مەبەستی سەردانی ئەمجارەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، زیاتر پەیوەندی بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ عێراقەوە هەبوو، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەكی هەمەلایەنە لە نێوان هەموو عێراقییەكان لەبارەی كۆمەڵێك پرسەوە بكەن. جەختیشی كردەوە، پێویستە سەردانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بن، تەنانەت ئەگەر هەرێم سەربەخۆییش رابگەیێنێت.
چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (عەبدولحەكیم خەسرۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەبوو كە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و لایەنە عێراقییەكان بەیەكەوە قسە لەسەر ئاییندەی عێراق و شەڕی داعش و ئەو قەیرانەی هەیە، بكەن، چونكە تاوەكو ئێستا ئەمەریكا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت كە پارێزگاری لە عێراق بكات و یارمەتی بدات، بەوپێیەیش كە كۆمەڵێك پرس هەن لە رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریكا لە ساڵی 2011 واژۆ كراون، بۆیە دەیەوێت پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا هەبێت".
(خەسرۆ) گوتیشی: "لە ئێستادا ناتواندرێت هەموو ئەو كێشانە چارە بكرێن كە لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەن، بەڵام ئەوەی گرینگ و پێویستە، سەقامگیریی سیاسی لە عێراق بەردەوام بێت، چاكسازی بكرێت و حكوومەت پێك بێت، كوردیش لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی و بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریكا، بەشداری لە حكوومەتی (عەبادی)ـدا كردووە، نەك بۆ چارەكردنی هەموو كێشەكان".
(د. عەبدولحەكیم خەسرۆ) دەشڵێت: "ئێمە ئەگەر بە تەواوەتیش لە عێراق داببڕێین و سەربەخۆیی رابگەیێنین، دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبێت، چونكە كۆمەڵێك دۆسیە هەن لەگەڵ بەغدادا هاوبەشن، ئەگەر هەموو كورد و نوێنەرەكانی لە بەغدا بكشێنەوە، لە پێناو كۆمەڵێك دۆسیە لەوانە سنوور و ئاو و دەوڵەتی عێراق و ئەو میراتە قورسەی بۆ عێراق ماوەتەوە كە هەرێم پشكی لێ هەیە، بۆیە بە بەردەوامی شاندی هەرێم لە بەغدا دەبێت و شاندی بەغدا لە هەرێم دەبێت".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ناكرێت هەر سەردانێك ئێمە بە وەرچەرخانی بزانین كە رێككەوتنێك دەكرێت، بەڵام ئەو سەردانە زۆر گرینگ بوو و، پەیوەندی بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاوە هەبوو، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەكی هەمەلایەنە لە نێوان هەموو عێراقییەكاندا ئەنجام بدرێت، بۆیە پێم وا نییە لەسەر قسەكردن سەبارەت بە دووبارە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بووبێت".
بڵند ئیبراهیم




