٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری وڵاتان لە هەولێر، ستایشی حكوومەتی هەرێم دەكەن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ كۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ لیژنەی هەڵسەنگاندن ووەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، دیپلۆماتكارانی بیانی، ستایشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا ناوچەكە بە گشتی بە بارودۆخێكی نالەبار و دژواردا تێدەپەڕێت، هەروەها سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد بۆ ئەو بەرگرییە قارەمانیانەی كە نیشانی دەدات دژی تیرۆریستانی داعش و توانیویەتی داعش بشكێنێت.

رۆژی 5ی نیسانی 2016، لیژنەی هەڵسەنگاندن ووەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كۆنسووڵ و دیپلۆماتە بیانییەكان لە هەولێر ئەنجام دا، بۆ  باسكردن لەسەر وەڵامدانەوەی ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتییانەی كە لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە دەربارەی هەرێمى كوردستان بڵاو دەكرێنەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە كۆنسووڵ و نوێنەری كۆنسووڵخانە و دیپلۆماتی بیانی لە هەولێر ئامادەی بوون، د.دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان تیشكی خستە سەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ هێزی پێشمەرگە و وەڵامی ئەم تۆمەتانە درایەوە، وەك وێرانكردن، سووتاندن، تەقاندنەوەی ماڵی عەرەبەكان و رێگانەدان بە هاتوچۆ كردن و گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان پاش رزگاركرنی ناوچەكانیان، لەم بارەیەوە زێباری وتی: ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هەر راپۆرتێك دەكەین كە لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئاژانسەكانی یوئێن دەربارەی هەرێمی كوردستان دەردەچێت، بەڵام پێویستە ئەم لایەنانەش رەچاوی بارودۆخی هەرێمی كوردستان بكەن و راپۆرتەكانیان زیاتر بابەتی بێت و گشتگیر نەبێت بەتایبەتی مانشێتی هەندێك لەو راپۆرتانە لە واقعەوە دوورە و وێنەیەكی راستەقینەی ئەرزی واقع و رووداوەكان نیشان نادەن ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان لەو كاتەی كە سەرەڕای قەیرانی ئابووری پێشوازی لە نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر كردووە و هەوڵ دەدات بە گوێرەی توانا خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش بكات لە هەمان كاتدا رووبەرووی شەڕێكی قورس بۆتەوە دژ بە تیرۆریستانی داعش
زێباری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە سەرۆكایه‌تیی هەرێم چەند رێنماییەكی تایبەتی دەركردووە بۆ مامەڵەكردن لە كاتی جەنگدا و لەم بارەیەوە گوتی: هێزی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندن بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی لە كاتی جەنگدا و چەند رێنماییەكی تایبەتی دەركردووە بۆ ئەوەی لایەنە ئەمنییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە پێوەی پابەند بن و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ پارێزراو بێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە رێوشوێن و رێكاری پێویست بگرێتە بەر بۆ جێبەجێ كردنی ئەم رێنماییانە و پابەند بوون پاراستنی مافی مرۆڤ .

لەلایەن خۆیانەوه‌ كۆنسووڵ و دیپلۆماسە بیانییەكان خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم جۆرە كۆبوونەوانە دەربڕی و، بە هەنگاوێكی پێویست و باشیان زانی بۆ گەیاندنی واقعی ئەو ناوچانە بە جیهان، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری راستییەكان بن، هەروەها ستایشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا ناوچەكە بە گشتی بە بارودۆخێكی نالەبار و دژواردا تێدەپەڕێت، هەروەها سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد بۆ ئەو بەرگرییە قارەمانیانەی كە نیشانی دەدات دژی تیرۆریستانی داعش و توانیویەتی داعش بشكێنێت و، زۆربەی هەرەزۆری ناوچەكانی كوردستان رزگار بكات ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە لە سەرتاسەری جیهان بە رێز و تەقدیرەوە لە پێشمەرگە دەروانن و بە نموونەی خۆراگری و بەرگری دژی تیرۆریستان وەسف دەكرێت.

شایەنی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا جگە لە  ئەندامانی سكرتاریەت ولیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، كۆنسووڵ و دیبلۆمات و نوێنەری كۆنسووڵخانەكان لە هەولێر ئامادەی بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار