٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەرێمی فلاندەرز دەخوازێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پتەو بكات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكا، ده‌ڵێت، هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەكی پڕئالۆز و نائارامدا، هەرێمێكی ئارام و پێشكەوتووە و پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكان و ئارامی و پێشكەوتنە بەردەوامەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند. هاوكات دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد، كە سەرەڕای قەیرانی دارایی، توانیویانە لەجیاتی جیهانی ئازاد پلانە مەترسیدارەكانی تیرۆریستان شكست پێ بهێنن و پێشوزای لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر بكەن و خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ دابین بكەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7 - 4 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە (خێرت بۆرژوا) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا (بۆرژوا) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی دا، كە هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەكی پڕئالۆز و نائارامدا، هەرێمێكی ئارام و پێشكەوتووە و پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكان و ئارامی و پێشكەوتنە بەردەوامەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند. هاوكات دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كرد، كە سەرەڕای قەیرانی دارایی، توانیویانە لەجیاتی جیهانی ئازاد پلانە مەترسیدارەكانی تیرۆریستان شكست پێ بهێنن و پێشوزای لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر بكەن و خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ دابین بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی هەرێمی فلاندەرزی لە بوارە جیاجیاكاندا، بە تایبەتیش لە بوارەكانی ئابووری و مۆركردنی گرێبەستی ئابووری و خوێندنی باڵا و پەروەردەدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان پیشان دا؛ بۆ ئەم مەبەستەش هیوای خواست كۆمسیۆنێك لەنێوان هەردوولادا پێك بهێندرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانیش زیاتر پتەو بكرێن.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سوپاسی ئەو سەردانە و هەڵوێستی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكای كرد بۆ تێڕوانینیان سەربارەت بە هەرێمی كوردستان و، سەرەخۆشیشی لە بەرێزیان كرد بۆ قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەكەی داعش لە برۆكسێلی پایتەختی بەلجیكا. ئاماژەی بەوەش دا كە پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و شانازی پێوە دەكەن.

سەبارەت بە شەڕی دژی داعشیش (نێچیرڤان بارزانی) جەختی كردەوە كە، پێویستە بنەماكانی مرۆڤایەتی بپارێزرێن و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش كرد لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات؛ ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ هەرێمی فلاندەرز دەربڕی و دووپاتی كردەوە، كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە ئەزموونی بەلجیكایە بۆ باشتركردنی سیستمی ئیداری و جێبەجێكردنی چاكسازی، كە ماوەیەكە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و باشتركردنی سیستمی بەرێوەبردن لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەست بە جێبەجێكردنی چەند ڕێكار و پلانێكی چاكسازی كراوە.
تاوتووكردنی باوردۆخی ناوچەكە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
لە كۆتایی دیدارەكەدا هەردوو سەرۆكوەزیران دیاری و یادگارییان گۆڕییەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار