٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تورکمانەکان داوا دەکەن عێراق چاو لە هەرێم بکات

سەرچاوە: KDP.info
هەولێر-KDP.info- بەرەی تورکمانی بەشداریکردنی نوێنەری تورکمان و کلد و ئاشوور لە شاندی هەرێم بۆ بەغدا بە کارێکی ئیجابی دەزانێ و دەستخۆشی لە لایەنەکان دەکات.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لەپەرلەمانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی (ئایدن مەعرووف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری بە شداریکردنی نوێنەرانی تورکمان و کلد و ئاشووری لە شاندی کوردی بۆ بەغدا کارێکی زۆر باشە کە سەردانی بەغدا دەکەن و، لەگەڵ حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان کۆ دەبنەوە."
گوتیشی، ئەمە کارێکی زۆر ئیجابییە و جێگەی دەستخۆشییە و، حیسابکردنە بۆ هەموو پێکهاتەیەک، چونکە ناکرێت هیچ پێکهاتەیەک پشتگوێ بخرێت.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، پێویستە چۆن هەرێمی کوردستان ڕێز لە هەموو پێکهاتەکان دەگرێت عێراقیش بەهەمان شێوە بێت، چونکە هیچ حیسابێکی بۆ ئێمە نەکردووە و لە کابینەی نوێ هیچ وەزارەتێک بۆ تورکمان دانەنراوە لە کاتێکدا 11 پەرلەمانتارمان هەیە و، نەتەوەی سێیەمین، بۆیە گلەییمان لە بەغدا هەیە و لە کاتی سەردانی بەغداش ئەو گلەیە دەگەیێنین.
 
ئەوەشی خستە ڕوو، پێویستە تورکمانیش لە بڕیار و پۆستەکان بەشدار بن، چونکە ئەگەر گۆڕانکاریش بکرێت نابێت گۆڕانکاری لە مافی نەتەوەکان بکرێت، بۆیە پێویستە لە کابینەی نوێ وەزارەت بە تورکمانیش بدرێت.
 
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار