سعوودیا بەڵێنی داوه ڤیزای حاجیانی هەرێم و عێراق لە هەولێر بدات

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ڕایگەیاند، ڤیزای حاجیانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە كۆنسووڵخانەی سعوودیا لە هەولێر دەدرێت و، داوای پشكی زیاتریشیان بۆ حاجیانی هەرێمی كوردستان كردووە.
لە ساڵانی پێشوودا، حاجیانی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی ڤیزای حەج، دەبووایە سەردانی وڵاتی (كوێت و ئوردن) بكەن، بەڵام ئێستا بە هۆی باشیی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی سعوودیا، حاجیانی كوردستان و عێراق وا بڕیارە لە هەولێر ڤیزا وەربگرن.
پێوەست بەم پرسە، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (مەریوان نەقشبەندی)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "كۆنسووڵی سعوودیا سەردانی وەزارەتی ئەوقافی كرد بۆ مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سعوودیا، بە خۆشحاڵییەوە وەڵامێكی زۆر باشیان هەبوو. ئێمە داوامان كرد بەوەی پەیوەندیی راستەوخۆمان هەبێت لەگەڵ سعوودیا و ڤیزای حاجیانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بدرێت، ئەوانیش بەڵێنیان دا ڤیزای حاجیانی هەرێم و عێراق لە هەولێر بدەن."
(نەقشبەندی) گوتیشی: "داوای زیادكردنی پشكی حاجیانی هەرێم و ئاسانكاریی زیاتری وڵاتی سعوودیا بۆ حاجی و عومرەكاران و خاوەنی كۆمپانیاكانی حەج و عومرەمان كردووە".
ئەو هەروەها ئاماژەیشی دا: "كۆنسووڵخانەی سعوودیا ئێستا سەرقاڵی تەواوكردنی بەشی پێدانی ڤیزان لەناو كۆنسووڵخانەكەیان و، بە تەواوبوونی ئەو بەشە، ڤیزای حاجی و عومرەكارانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم حاجیانی عێراقیش هەر لە شاری هەولێر دەدرێت".
فایزە پاڵانی




