دیمستورا بانگهێشتنامەی بۆ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نارد و پەیەدەی تێدا نییە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی گروپی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، لەلایەن نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بانگهێشت کراون بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەم مانگەی جنێڤ. ئەوەشی وت کە نوێنەرانی پەیەدە بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکراون.
(قەدری جەمیل) گوتەبێژی گرووپی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، بانگهێشتنامەی (ستاففان دیمستورا) نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گفتوگۆکانی سووریایان پێگەیشتووە بۆ بەشداریکردن لە خولی داھاتووی گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕەوشی سووریا، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لە جنێڤ بەڕێوە بچن.
(جەمیل) بە ئاژانسی تاسی ڕووسیایی ڕاگەیاندووە، بەشداربووان ھەر ئەوانەی مانگی ئادارن، و نوێنەرانی پەیەدە بانگهێشتی کۆبوونەوەکەی جنێڤ نەکراون.
جێی باسە، دوێنێ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، پڕۆژە بڕیارێکی ڕووسیای رەت کردەوە بۆ بەشداریکردنی پەیەدە لە گفتوگۆکانی جنێڤ.
(سێرگی لاڤرۆڤ) وەزیری دەرەوەی ڕووسیایش ڕایگەیاندووە، بەر لە 13ی نیسان، بڕیارە (ستاففان دیمستورا) سەردانی مۆسکۆ بکات.




