٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕوونکردنەوەیەک لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش- هەولێرەوە: بێریڤان ئەلزین و هاوڕێیانی، یاساکانی هەرێمیان پێشێل کردووە

سەرچاوە: KDP.info
هه‌ولێر-KDP.info-  بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش- هەولێر، وێڕای ڕه‌خنه‌ی له‌ هه‌ندێ كاناڵی ڕاگه‌یاندن، ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه‌، (بێریڤان ئەلزین) هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌ڵمانیایی و هاوڕێیانی، یاساکانی هەرێمیان پێشێل کردووە، بۆیە دەستگیر کرابوون؛ ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌، کۆنسووڵگەریی ئەڵمانیایان لە هەولێر ئاگادار کردووەتەوە و، نوێنەرانی ئەم وڵاتە لە هەولێر سەردانی ناوبراویان کردبوو و هەر ئەمرۆش، بە هەماهەنگی کۆنسووڵگەریی ئەڵمانیا ئازاد کراوە.
 
 
ده‌قی ڕوونکردنەوەیەک لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش- هەولێرەوە:
 
 چەند رۆژێکە هەندێ لایەن و دەزگای میدیایی، بە شێوەیەکی نادروست و چەواشەکارانە باس لە دەستگیرکرانی بێریڤان ئەلزین دەکەن کە هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانییە. 
بۆ ڕای گشتی ڕوونی دەکەینەوە، کە ناوبراو لە رێگەی فرۆکەخانەی سلێمانییەوە هاتۆتە ناو هەرێم و بە هاوکاریی چەند کەسێک لە سلێمانی بە شێوەیەکی نایاسایی چووەتە رۆژئاوا و، دوای ئەوەش لە چەند رۆژی ڕابردوو بە شێوەیەکی نایاسایی لەگەڵ چوار کەسی دیکەی هەڵگری پاسپۆرتی وڵاتانی ئەورووپایی، هاتۆتەوە ناو هەرێم و لە کاتی بەزاندنی سنوور دەستگیر کراون.
 کەسی ئاماژە پێکراو و هاوڕێیانی، یاساکانی هەرێمیان پێشێل کردووە، بۆیە دەستگیر کرابوون و، دوای گواستنەوەیان بۆ هەولێر، یەکسەر کۆنسووڵگەریی ئەڵمانیا لە هەولێر ئاگادار کراوەنەتەوە و، نوێنەرانی ئەم وڵاتە لە هەولێر سەردانی ناوبراویان کردبوو و هەر ئەمرۆش، بە هەماهەنگی کۆنسووڵگەریی ئەڵمانیا ئازاد کراوە و، دەستگیر کراوە بیانییەکانی دیکەش بە پرۆسەی هاوشێوە ئازاد کراون. 
 
 بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش- هەولێر
6/4/2016

هەواڵی پەیوەندیدار