56 هەزار خێزانی ئاوارە لە هەرێم، مینحەی ملیۆنییان وەرنەگرتووە

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاوارەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 56 هەزار خێزانی ئاوارە بڕی ملیۆنێك دیناریان وەرنەگرتووە، ئەوەیش گلەیی و گازندەی ئاوارەكانی بە دوای خۆیدا هێناوە.
(سالم جومعە)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2015ـدا بڕی ترلیۆنێك دیناری بۆ ئاوارەكان دابین كرد، بۆ ئەوەی وەك مینحە، یەك ملیۆن دینار بۆ ئاوارەكان تەرخان بكرێت، بەڵام بە داخەوە پارەی ئاوارەكان لە لایەن حكوومەتی بەغداوە خراپ بەكار هێنرا، تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار ئاوارە لە دهۆك و 4 هەزار ئاوارە لە هەولێر و 32 هەزار خێزان لە سنووری كەركووك ئەو بڕەپارەیەیان وەرنەگرتووە، ئێستا دەڵێن ئەوەی ئەو بڕەپارەیەی وەرنەگرتووە، ئیتر وەری ناگرێت، بەڵام داوامان كردووە هەرچی زووە ئەو بڕەپارەیە بدرێتە ئاوارەكان".
(جومعە) گوتیشی: "لیژنەیەك بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان پێك هێنرا، بەڵام ئەو لیژنەیە گەندەڵیی زۆری لەو بڕەپارەیەدا كرد و بڕێكی زۆر لەو پارەیە دیار نەماوە، كە ئەمە لە كاتێكدایە تا ئێستا زیاتر لە 56 هەزار خێزانی ئاوارە لە هەرێمی كوردستان بڕی یەك ملیۆن دیناریان وەرنەگرتووە".
ڕوونیشی كردەوە: "ئاوارەكان لە ڕەوشێكی خراپدا دەژین و حكوومەتی عێراق هیچ هاوكارییەكی پێشكەش بە ئاوارەكان نەكردووە، ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستاندا هەن، حكوومەتی هەرێم، سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، بەردەوام هاوكاریی ئاوارەكان دەكات و پێداویستیی رۆژانەیان بۆ دابین دەكات، بۆیە بەناوی هەموو ئاوارەكانەوە سوپاسی حكوومەتی هەرێم دەكەین".
رابین شێروانی




