"شیعەكان هەوڵی لادانی عەبادی دەدەن"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، لەناو شیعەكاندا هەوڵێكی زۆر بۆ لادانی (حەیدەر عەبادی) دەدرێت و زۆر كەس خۆیان بۆ شوێنگرەوەی ئامادە كردووە، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن، ئەمەریكا رێگرە لەو گۆڕانكارییە.
(ڕێناس جانۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "چەندین كەس لەناو هاوپەیمانیی نیشتیمانیدا خۆیان ئامادە كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، واتا هەوڵێك لەناو شیعەكانیشدا هەیە بۆ ئەوەی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە".
(جانۆ) گوتیشی: "لەبەر ئەوەی (عەبادی) هێشتا ژمارە نییە لە چوارچێوەی سیاسەتی عێراقدا و تەنانەت ئەو كاتەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش بوو، هەمان شت بوو، بۆیە فرسەت وەرگرتن لە عەبادی ئاسانترە، هەر لەبەر ئەوەیشە لەناو هاوپەیمانیی نیشتیمانیدا هەندێك كەسانێك خۆیان بۆ شوێنەكەی (حەیدەر عەبادی) ئامادە كردووە".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەر لەناو هاوپەیمانیی نیشتیمانیدا، وەك خۆیان دەڵێن، ترسێكیان هەیە لەوەی كە ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان رێگا نەدەن سەرۆكوەزیرانی عێراق لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە، ئەگەرنا دوور نییە بەم زووانە سەرۆكوەزیرانی عێراق بگۆڕدرێت.
كارزان هەورامی




