موختاری گوندەكان داوادهكهن پەكەكە كێشە دروست نەكات و دوور بكەوێتەوە

سیدەكان-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان رایگەیاند، بە هۆی بۆردوومانەكانی توركیاوە، پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"، بنكە و بارەگاكانی خۆی هێناوەتە نزیك گوندەكان، ئەوەیش ترس و دڵەڕاوكێی لای دانیشتووانی ناوچەكە دروست كردووە، موختاری هەموو گوندەكانیش نووسراویان كردووە كە پەكەكە كێشە دروست نەكات و لە خاڵە سنوورییەكان دوور بكەوێتەوە.
(كاروان كەریمخان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە هۆی زۆریی بۆردوومانەكانی توركیاوە، پەكەكە لە سنووری سیدەكان بنكە و بارەگاكانی خۆیان نزیك كردووەتەوە لە گوندەكان، ئەوەیش بۆ ئەوەیە كە توركیا بۆردوومانیان نەكات، بەڵام ئەوە ترس و دڵەڕاوكێی خستووەتە ناو هاووڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستەیش ئاگاداری سەرووی خۆمان كردووەتەوە، هەروەها بە هۆی ئەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ پەكەكە نییە، لە ڕێگەی هاووڵاتیانەوە ئاگادارمان كردوونەتەوە، بۆ ئەوەی نزیكی گوندەكان نەبنەوە و لە ناو گوندەكان هاتوچۆ نەكەن، تا رووداوی نەخوازراو ڕوو نەدات، ئەگەر ڕووداوی وەك زارگەلی لە سنووری سیدەكان دووبارە ببێتەوە، پەكەكە دەبێت ئەو بەرپرسیارەتییە هەڵبگرێت".
(كەریمخان) گوتیشی: "لە كۆی 250 گوند لە سنووری سیدەكان، 100 گوند لەبەر تێكچوونی باری ئەمنی لە ناوچە سنوورییەكان ئاوەدان نەكراونەتەوە و زیاتر لە 80 هاووڵاتییش بە هۆی بۆردوومانەكانی توركیا و پەكەكەوە لە ناوچەكەدا بوونەتە قوربانی".
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان دهشڵێت، ئێستا بەوپێیەی بەهارە، هاووڵاتیان بۆ كردنی گیای بەهاری ڕوو لە ناوچە كوێستانییەكان دەكەن، بەڵام پەكەكە ڕێگەیان لێ دەگرێت و لێناگەڕێن بێن و بچن، ئەوەیش كێشەی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە، موختاری هەموو گوندەكانیش نووسراویان كردووە كە پەكەكە كێشە دروست نەكات و لە خاڵە سنوورییەكان دوور بكەوێتەوە، ئەو نووسراوەیشمان گەیاندووەتە حكوومەت و پەرلەمان، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكەن".
رابین شێروانی




