ڕووسیا کاتی گەیشتنی سیستمی مووشەکی ئێس ٣٠٠ ی بە ئێران ڕاگەیاند

ئاژانسەکان-KDP.info- ئاژانسی ئەنتەر فاکسی ڕووسی لە زمانی زامیر کابولۆڤ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵایکردەوە، ڕووسیا دەست دەکات بە ناردنی سیستمی مووشەکی ئێس٣٠٠ بە ئێران.
ئەم سیستمە دژە ئاسمانییە و خێراییەکەی پێنج ھێندەی خێرایی دەنگە و بە بەرگریی لە خۆکەر دەناسرێ، بە یەکجار توانای پێکانی ٦ ئامانجی هەیە بە ١٢ مووشەک لە مەودای ٤٠٠ کیلۆمەتر. هەروەها دەتوانێت بەدرەوڕووی هێرشی ھەموو جۆرە مووشەکێکی مامناوەند ببێتەوە.
ئێران و ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٠٧ و لە سەردەمی دیمتری مێدڤێدێف سەرۆکی پێشووی ڕووسیا، گرێبەستیان مۆر کرد، بەڵام لەساڵی ٢٠١٠ میدڤێدێف بەھۆی گەمارۆکانی لەسەر ئێران و بە ھۆی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، ناردنی مووشەکەکانی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرت.
لە نیسانی ساڵی ڕابردوو، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا فەرمانی کرد، گەمارۆکەی سەر ئێران ھەڵبگیرێت و مووشەکەکانی جۆری ئێس ٣٠٠ ڕەوانەی ئێران بکرێت.




