له عێراقدا، بهرپرس نییه گهندهڵی نهكردبێ

بەغدا-KDP.info- بەگوێرهی زانیاریی میدیاکان، گەندەڵییەکی زۆر لە كهرتی نەوتی عێراقدا کراوە، بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، ئەوکات تێبینیی زۆریان لەسەر پرۆسەی نەوتی عێراق ھەبوو.
بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (د.رزگار)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "بە شێوەیەکی گشتی بڕوا ناکەم ھیچ بەرپرسێک لە عێراق ھەبێت گەندەڵی ئەنجام نەدابێت، بەڵگەش لە ساڵی ٢٠٠٧وە تاوەکو ئێستا،ھیچ ساڵێک حکوومەت بودجەی خیتامی بۆ پەرلەمان رەوانە نەکردووە و، زۆر ھەوڵیشمان دا سوودی نەبوو.''
ئهو دهڵێ، ''بە ملیاران دۆلار خەرج کرابوو، بەبێ ئەوەی بزانین چۆن خەرج کراوە و، رێگەیان پێدرابێت خەرجی بکەن، بۆیە ئەگەر دەستەی نەزاھە لێکۆڵینەوە بکات ھیچ بەرپرسێک نییە کە گەندەڵی نەکردبێت.''
(د.رزگار) ڕوونیشی کردەوە، ''لە سەردەمی ئێمەدا ئەو جەولاتی تەرخیس کە پێیان دەگوت لەلایەن (شەھرستان) کرابوو، ئێمە زۆر تێبینیمان لەسەر ھەبوو لە ڕووی تەکنیکی و دارایی، چونکە تەنھا خەڵکی عێراق زیانی دەکرد.''
باسی لەوەش کرد، پرۆسەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ھیی عێراق باشتر بوو، لەبەر ئەوەی ئەو جەولەی تەراخیسەی عێراق، کۆمپانیا گەورەکان بەدوای چاڵە نەوتی بچوک دەگەرێن، بەڵام لە ھەرێمی كوردستاندا ھەوڵی زیادکردنی بەرھەمی نەوت دەدەن کە ئەمەش لە بەرژوەندیی خەڵکدایە.
بڵند ئیبراھیم




