عەتا سەراوی: كەس ناتوانێ نكوڵی لە ڕۆڵی بارزانی بکا.. د. مووسا كەڤاڵ: پێویستە سەرجەم لایەنەكان پشتی (سەرۆك بارزانی) بگرن تا نەتەوەكەمان ئەم قۆناغە دژوارەی پێ دەرباز بکرێت

هەولێر -KDP.info- (عەتا سەراوی) دەڵێ، لەو ڕۆژەوەی داعش پەلاماری مووسڵ و هەرێمی كوردستانی داوە، هیچ كەسێك ناتوانی نكوڵی لە ڕۆڵی (كاك مەسعوود) بكات لە بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆردا. هەروەها (د. مووسا كەڤاڵ) ڕایگەیاند: "(سەرۆك بارزانی) خاوەن تەجروبەیەكی بەهێزە لە شەڕ و خەبات و وەكو كەسایەتییەكی سەربازی و سیاسەتمدارێکی بەتوانایە و ئەم هۆكارانەش بوون ئەفسانەی داعشیان شكاند."
ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان (عەتا سەراوی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەوەتی داعش پەلاماری مووسڵ و پاشان هەرێمی كوردستانی داوە، (بارزانی) ڕۆڵێکی وەهای لە بەرپەرچدانەوەیان گێڕاوە، كەس ناتوانێ نكوڵیی لێ بکا؛ (بارزانی) تاوەكو ئێستایش لە ئەركەكەی خۆیدا درێخیی نەكردووە و، بەوپەڕی تواناوە هەم لە بەرەكانی شەڕ و هەم لە مەسەلە نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەكان ڕۆڵی خۆی گێڕاوە و، هیچ كەس ناتوانێ نكۆڵی لەمەش بكات. سەرەڕای ئەمەش هێزی پێشمەرگە لە هەموو بەرەكانی شەڕدا بەبێ بیركردنەوەی تەسكی حزبی ڕووبەڕووی هەڕەشەکان وەستاون و، بە دنیایان سەلماند كە قارەمانن؛ جا پێم وایە دەبێ حزبەكانیش وەكو هێزی پێشمەرگە بیر بكەنەوە و یەكگرتوو بن و بەرژەوەندییەكانیان وەلاوە بنێن."
(سەراوی) ئاماژەیشی دا: "جگە لەم دوو ساڵەی شەڕی داعش، (بارزانی) پێشتریش بە درێژاییی چل ساڵی ڕابردوو، هەمیشە لە شار و لە شاخدا ڕۆڵێكی بەرچاو و كاریگەری هەبووە لەسەر خەباتی گەلەكەمان و كەسایەتییەكی دیاری میللەتەكەمانە و، نە بۆ حزبەكەی درێخی کردووە نە بۆ گەلەكەی."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ڕوونیشی كردەوە: "پێم وا نییە هیچ كەسێ ئەوەندە بێئینساف بێ ڕۆڵی (بارزانی) بە كەم بزانێ، با خیلافی سیاسییشی لەگەڵ پارتیدا هەبێ."
(د. مووسا كەڤاڵ) ئەكادمیست و شرۆڤەكاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "(سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هێزی پێشمەرگەیە و لە هەمەنكاتیشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، خاوەن تەجروبەیەكی بەهێزە لە شەڕ و خەباتدا، كەسایەتییەكی بەهێزی سەربازی و سیاسەتمەدارێکی بەتوانستیشە. سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەش بۆ ئەو باوەڕە بەهێزە دەگەڕێتەوە كە بە (سەرۆك بارزانی)ـیان هەیە. سەرەڕای ئەمانەش (سەرۆك بارزانی) خاوەن پێگەیەكی زۆر بەهێزی نێودەوڵەتییە. ئەم هۆكارانە و چەندین تایبەتمەندییەکی تری (سەرۆك بارزانی)یش وای كرد ئەفسانەی داعش بە دەست و قامكی هێزی پێشمەرگە و بە هاوكاریی وڵاتانی زلهێز تێك بشكێندرێت."
(كەڤاڵ) ڕوونیشی كردەوە: "ئێمەی كورد لە دۆخی شەڕداین، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە كوردەكان بە سەرجەم ڕەنگەكانەوە پشتی (سەرۆك بارزانی) بگرن تا نەتەوەكەمان ئەم قۆناغە دژوارەی پێ دەرباز بکرێت. ڕاستە داعش لاواز بووە، بەڵام وەكو هەڕەشەیەك هەر ماوە و، لە قۆناخێكی هەستیارداین. ئەم كێشانەش بە شەو و ڕۆژێك چارەسەر ناكرێن، بۆیە دەبێ ناوماڵی كورد یەك بخرێتەوە و، سەرجەم لایەنەكان پشتی (سەرۆك بارزانی) بگرن لەو دەرفەتانەی بۆ گەلەكەمانی دەڕەخەسێنێت."
سەرباز واحد




