٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی عەونی: پارتی شەراکەتی کردووەتە بنەما

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە دەدات كه‌، پارتی جگە لەوەی لە کوردستان هەوڵی داوە سەرجەم لایەنەکان کۆ بکاتەوە، لە هەمان کاتدا لە ئاستی بەغدایش بەبێ گەڕانەوە بۆ بۆچوونی لایەنەکان نایەوێت هیچ بڕیارێک بدات.
 
(عەلی عەونی) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "پێم سەیرە کەسانێک بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە کەوتوونەتە وێزەی ئەم و ئەو؛ ماوەی چەند مانگێکە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت ئەم حکوومەت دزە و گەندەڵ و فاشلە؛ کەچی لەو چەند مانگەدا هەر خەمیەتی چۆن بگەڕێتەوە ناو حکوومەت! ئێ باشە ئەگەر ئەم حکوومەتە ئا وەهایە، بۆچی ناوی خۆت ناشرین دەکەیت؟ بۆیە گرینگە گۆڕان بچێتەوە چوارچێوە راستەقینەکەی خۆی واتە ئۆپۆوسیۆنایەتی."
 
(عەلی عەونی) دەیشڵێت: "پارتی کاری لەسەر شەراکەتی حزبەکان کردووە لە هەرێمی کوردستاندا؛ ئێمە دەمانتوانی بەبێ لایەنەکانی دیکە حکوومەت پێک بهێنین، بەڵام ئێمە وامان کرد سەرجەم حزبەکان بەشدارییان هەبێت، لە هەمان کاتدا لە زۆر پشکی خۆمان خۆش بووین بۆ لایەنەکانی دیکە ئێمە نەک لە کوردستان لە بەغدایش وامان کرد بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنەکان بڕیارمان نەداوە هەوڵمان داوە سەرجەم لایەنەکان پێکەوە کاری هاوبەش بکەین".
 
گوتیشی: "گرینگە لەم قۆناغەدا پارتی و یەکێتی پێکەوە کار بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان و، هەوڵ بدرێت یەکڕیزی و تەباییەکەی ناوماڵی کوردستان بپارێزرێت، چونکە خەڵکانێک بە دوای ئاژاوە و تێکدانی کوردستانەوەن".
 
کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار