پێشمەرگە، پلانداڕێژە داعشەکانی دژی کوردستانی، لەناو بردن

هەولێر-KDP.info- فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە محیوەری گوێڕ، دەڵێ، داعش خراپ تێکشکاوە و لە هەندێک میحوەریشدا، پێشمەرگە بە تەواوی لەناوی بردوون.
(حوسێنی مام حەسەن) فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە گوێڕ بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: یەکێک لەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی هێزەکان دەبێتەوە، ئەوەیە کە سوپای عێراق لە محیوەرێک دەشکێت، چەکوچۆڵ و پێداویستییە سەربازییەکانیان بۆ داعش جێ دەمێنێت، ئەمەش وا دەکات کە بگوترێت چەکی قورس بە دەست داعشەوەیە، بەتایبەتی هەندێک چەک کە پێیان دەگوترێت چەکی نێودەوڵەتی.
ئەو فەرماندەیە دەربارەی ئەو چەکانەی کە بە نیودەوڵتی انسراون، ڕوونی کردەوە، مەبەست ئەو چەکانەیە کە کاتی خۆی ئەمەریکا بە هێزە عێراقییەکانی داوە، بۆیە کاتێک هێزە عێراقییەکان لە ڕووبەڕووبونەوەی داعشدا دەشکێت، سەرجەم چەکەکان دەکەوێتە دەستیانەوە.
(حوسێنی مام حەسەن) گوتیشی: "خۆشبەختانە پێشمەرگە شادەماری داعشی دۆزیوەتەوە و، لە هەندێک شوێن ئەوەندە بە دیققەتەوە هێرشیان دەکەینە سەر، جاری وا هەیە سەداسەد لەناومان بردوونە، تەنانەت تەواوی ئەو فەرماندە سەربازیانە داعش کە لە مووسڵەوە دەهێندران بۆ شەڕی پێشمەرگە، سەرجەمیان لەناو چوون. بۆیە ئێستا هۆکاری لاوازبوونی داعش بەرانبەر بە پێشمەرگە، ئەوەیە کە فەرماندەکانیان لەلایەن پێشمەرگەوە لەناو براون، هەندێکیشیان ئەو کەسانە بوون کە نەخشە و پلانی هێرشی سەر هەرێمی کوردستانیان دانابوو، بەڵام پێشمەرگە لەناوی بردن".
جەختیشی کردەوە کە، ورەی پێشمەرگە بەرانبەر بە داعش زۆر بەرز و بەهێزە، تەنانەت لەبەرانبەر هێرشی پێشمەرگەدا داعش توانای خۆڕاگرتنی نەماوە؛ تا ئێستایش بە دەیان گوند و شار و شوێنمان لە چنگی داعشان ڕزگار کردووە و نەیانتوانیوە لە هیچ یەکێکیشیاندا پێشمەرگە تێکبشکێنن.
کارزان هەورامی




