کاندیدەکانی کابینەی نوێ بێلایەن نین.. چاکسازی بە عەبادی ناکرێ

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، زۆرینەی کاندیدەکانی حکوومەتی نوێی عێراق حیزبین و تەکنوکرات و بێ لایەن نین؛ باوەڕیشی وایە کە، چونکە دەستەڵات لە بەغدا لە دەست حیزبە ئیسلامییەکاندایە، چاکسازی بە هیچ حکوومەتێک ناکرێ.
(حاکم سەرحان سلێڤانەیی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی جەختی کردەوە، "زۆرینەی کاندیدەکانی حکوومەتی نوێی عێراق سەر بە حیزبەکانن و ئەوە نین باس دەکرێن، کە گوایە تەکنۆکراتن، حکوومەتی (حەیدەر عەبادی)ـیش شکستی بردووە و هیی ئەوە نییە گۆرانکاری پێ بکرێت، ناشتوانێ کەسانی تەکنۆکرات لە خۆی کۆ بکاتەوە تا کابینەیەکی نوێی تەکنۆکرات پێک بێنێ."
(حاکم سەرحان سلێڤانەیی) دووپاتی کردەوە کە، "حیزبە ئیسلامییەکانی عێراق ھەموو شتێکیان کۆنترۆڵ کردووە و، دەستەڵات و ھێزیش هەر لە دەست ئەواندایە و ھەر یەکێکیشیان بەشێکی بەغدایان بەدەستەوەیە. بۆ نموونە، کە رێبەری رەوتی سەدر ھاتە ناوخۆپیشاندانەکانەوە، بینیمان بەرپرسەکان چۆن لێی کۆ بوونە و حکوومەتیش لێی بێدەنگ بوو و، ھەموو داواکارییەکانی ئەو رەوتەیشی جێبەجێ کرد."
ئەو پەرلەمانتارە باوەڕی پتەویشی بەوەی کە هیچ حکوومەتێک ناتوانێ لە عێراقدا چاسازی بکات، ناشارێتەوە؛ چونکە وەک ئەو دەڵێ، حکوومەت تەکنۆکرات بێت یاخوود حیزبی یان سیاسی بێت، ھیچ جیاوازیێکیان نییە، چونکە دز و گەندەڵەکان لە کاری خۆیان بەردەوامن و هێشتا حکوومەتەکان نەتانتوانیوە کەسێک دەستگیر بکەن و بیدەن بە دادگا، بۆیە چاکسازی لە وا دۆخێکدا ئەستەمە.
بڵند ئیبراھیم




