٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنی زەرد لە ساڵیادی بڕیاری ٦٨٨دا؛ ئێستا کاتی ڕیفراندۆم و بڕیاری بوێرانەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیێنندراوێکدا بۆ ساڵیادی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنە نێودەوڵەتییەکەی ئاسایش نووسیویەتی: "ئێستا كە ئه‌گه‌ری‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ نه‌خشه‌ی‌ جوگرافیای‌ سیاسی ناوچه‌كه‌ هەیە، بەرپرسیارەتیی نیشتمانی، نەتەوەیی، دیموکراسی، ئۆباڵی خوێنی شەهیدان، قوربانیانی بێئەژماری گەلەکەمان، خەباتی سەدەیەک لە ڕزگاری نیشتمانی، خەونی نەوەكانی ئێستا و داهاتوومان، لێمان دەخوازن، كە لە شوێنی خۆماندا نەمێنینەوە، ئێستا ئه‌و كاته‌یه،‌ كە پێویستە بڕیاری بوێرانە بدەین و هەنگاو بەرەو ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و یەكلایی كردنەوەی چارەنووسمان بنێین.

لە نەورۆزی ساڵی (1991)، ڕابوونی مێژوویی خەڵكی كوردستان، بەشێكی لە ئامانجە نەتەوەییەكانی بەرجەستە كرد، ئازادی گەل و خاكی ئاوێزانی بڵێسە و نوری ئارابخای كورد و كوردستان كرد، بەمەیش كورد لە مێژووی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەیی و یاسایی خۆیدا، توانی نەخشێكی نوێ بهێنێتە ئاراوە و دەستی تاوانكەر و هێزی دەسەڵاتداری سەركوتكەر، لەسەر زێدی داوباپیرانی لە ڕیشەوە دەربهێنێت، بەو هۆیەیشەوە هاونیشتمانیان دوای ئەو هەموو سەركوتكرانە، لە سایەی ئاشتی و ئازادیدا توانییان شەرفەمەندانە بژین و ئاگری سینەی كەركووك و بەهاری ئازادی، وەك مەدالیای سەركەوتن، لە یەخە بدەن.

دوای سەركەوتنی ڕاپەڕینی (1991) و ئازادكردنی تەواوی كوردستان، جارێكی تر ڕژێمی بەعس، بە هێزی ئاسمانی و چەكی قورسەوە، هەوڵی سەركوتكردنی ڕاپەڕینی دا، بەڵام خەڵكی كوردستان، لە ڕێگەی كۆڕەوە مەزنەكەوە، ڕاپەڕینێكی تریان ئەنجام دا، كوردستان یان نەمانیان لە درووشمەوە كرد بە كردەوە و بە هەموو جیهانیان ڕاگەیاند، ژێر دەستەیی قبوڵ ناكەین، بەم هەڵوێستەیش عێراق و ناوچەكە و تەواوی جیهانیان ڕاچڵەكاند و دۆزە ڕەواكەیان كرد بە بابەتێكی زیندووی شانۆی سیاسی نێودەوڵەتی، چونكە لە ئاستانەی کۆتایی هەشتاکاندا، کە سیماکانی سیستەمێکی نوێتر هاتنە ئاراوە و پەیوەندی سەروەری دەوڵەتان و مافەکانی مرۆڤ شرۆڤەی تریان بۆ کرا، دەستێوەردانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاشتی و تەناهی نیودەوڵەتی و پاراستنی پێکهاتە و کەمینەیەکان لە ناو دەوڵەتێکدا، بە ماف و ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لێکرایەوە، بە تایبەت کە کۆمەڵکوژی کوردان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەنگی دابۆوە، بۆیە لە گەڵ ڕەخسانی بارودۆخ و بەرژەوەندییەکان، لە (5ی نیسانی 1991) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری (688)ی دەرکرد، تا خەڵکی کوردستان لە زوڵم و چەوساندنەوە و لە ناوبردن بپارێزرێت.
ئەو بڕیارەیش بۆ كورد بوو بە دەرفەتێك، كە بە هۆی یەكگرتوویی و سەركردایەتیی بەرەی كوردستانییەوە، توانیی دەستكەوتی مەزن بەدەست بهێنێت و كیانێكی نیشتمانی لەسەر خاكی خۆی دابمەزرێنێت، كە ئیستایش له‌ ڕووی‌ سیاسی و دیبلۆماسی و ئاماده‌بوونه‌وه، بە ناوندێکی گرنگی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی حیسابی بۆ دەكرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو ئازادیخوازانی جیهانیش شانازی بە ناوی پیرۆزی پیشمەرگە و قوربانیدانی گەلەکەمان دەکەن.

ئێستا كە ئه‌گه‌ری‌ سه‌رله‌نوێ‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ نه‌خشه‌ی‌ جوگرافیای‌ سیاسی ناوچه‌كه‌ هەیە، بەرپرسیارەتیی نیشتمانی، نەتەوەیی، دیموکراسی، ئۆباڵی خوێنی شەهیدان، قوربانیانی بێشوماری گەلەکەمان، خەباتی سەدەیەک لە ڕزگاری نیشتمانی، خەونی نەوەكانی ئێستا و داهاتوومان، لێماندەخوازن، كە لە شوێنی خۆماندا نەمێنینەوە، ئێستا ئه‌و كاته‌یه،‌ كە پێویستە بڕیاری بوێرانە بدەین و هەنگاو بەرەو ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و یەكلایی كردنەوەی چارەنووسمان بنێین، چونكە ئەگەر بۆ دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكان، كوردستان لە پەیماننامەی سیڤەری ساڵی (1920) و لە بڕیاری کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی (1932) و لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (1991) و لە دیکۆمێنت و دەقە نێودەوڵەتیەکاندا بێت، ئەوا ئێستا، مافە وەدەستهاتووەکان، دۆزە ڕەواكەمان، بارودۆخی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی ڕەخساون، كە هەنگاو بنێین تا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا، ببینە ئەکتەرێکی فەرمی.

ئەو هەنگاوەیش پێویستی به‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌یه‌، بە جۆرێك كە پێویستە سەربەخۆیی ئامانجی هەموو لایەنێك بێت و بۆ مەرامی بەرتەسكی سیاسی و كەسی، نابێت بێ بایەخ بكرێت، هەربۆیە داوا لە هاوکارەکانمان و لە تێكڕای خەڵکی کوردستان دەکەین، کە بەیەکەوە ئەرکەکانی خەباتی نیشتمانی ڕابپەڕێنین و سوود لەم دەرفەتە مێژوییە وەربگرین.
لە كۆتایشدا دەڵێین: لە ساڵیادی بڕیاری (688)ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سپاس بۆ هاوپەیمانان کە ئێمەیان لە جەور و ستەمی ڕژێمی فاشیستی بەعس پاراست.
سڵاو لە پیشمەرگە کە بە شەونخونی و بەرخۆدان وخوێنی پیرۆزی خۆیان، کوردستانیان پاراست و نەتەوەکەمان و کۆمەڵی نێودەوڵەتیش شانازی بە بوون و بوێرییانەوە دەكەن.
سڵاو لە سەرۆك و پێشمەرگەی كوردستان، (مەسعوود بارزانی) کە لەبەرەی خەبات و ئازادی دا، شان بە شانی پێشمەرگە قارەمانەكانی کوردستان، لە پێناو خاك و نەتەوە و بەهای بەرزی مرۆڤایەتیدا دەجەنگێت.
سڵاو بۆ خەڵکی کوردستان کە وەک ڕاپەڕینەکانی تر، بە ڕابوونێکی تر و بە ڕیفراندۆم و دەنگدان بۆ سەربەخۆیی، پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیان، بە جیهان و گەلانی ناوچەکە ڕادەگەیەنێت.


فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
٥ـی نیسانی ٢٠١٦

هەواڵی پەیوەندیدار