لیژنەکانی پەرلەمان، کاندیدەکانی عەبادی رەتکردەوە

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کاندیدەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق کۆ بوونە و زۆرینەی لیژنەکان بەو کەسانە قایل نەبوون و، داوایان لە سەرۆکوەزیران کرد کەسی تر بهێنێت.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (ڕێناس جانۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ناو خۆیاندا باسی ئەو کەسانەیان کرد وا عەبادی دەستنیشانی کردوون ببنە وەزیر؛ ئێمە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا (شەریف بن عەلی)ـمان پێ باش نەبوو ببێتە وەزیری دەرەوە؛ ڕاستە لە بەریتانیادا ئابووریی خوێندووە، بەڵام ئابووری و وەزیرایەتیی دەرەوە یەک ناگرێتەوە."
گوتیشی، زۆرینەی لیژنەکانی دیکەش کاندیدەکانیان ڕەت کردووەتەوە؛ کاندیدی وەزیرایەتیی نەوت و، وەزیرایەتیی خوێندنی باڵا و، وەزیرایەتیی داد هیچ کامێکیان، وەزیرایەتییان پێ ڕەوا نەبیرا.
(ڕێناس جانۆ) ڕاشیگەیاند، ھەموو لیژنەکان تێبینیی خۆیان دەنووسن و، ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەکەن؛ جا سەرۆکوەزیران ناچارە کەسانی تر بهێنێت.
بڵند ئیبراھیم




