٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سوپای عێراق چوونەتە ناو گوندی نەسر

سەرچاوە: KDP.info

 

مەخموور-KDP.info- جێگری سەرپەرشتیاری ھەردوو میحوەری مەخموور و گوێڕ دەڵێ، لە ھێرشی ئەمڕۆی سوپای عێراق توانراوە بچنە ناو گوندی نەسر کە گوندێکی ستراتیژییە، بەڵام ئازاد نەکراوە و شەڕ لەناو گوندەکە بەردەوامە و لەو ھێرشە سەرۆک عەشیرەتی سەبعاوی و ژمارەیەکی سەرباز کوژراون.

 

جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخمور و گوێڕ (د. ئاراس حەسۆ میرخان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھێرشی ئەمڕۆی سوپای عێراق بۆ سەر گوندی نەسر توانراوە بچنە ناو گوندی نەسر، بەڵام تائێستا ئەوان و داعش لە ناو گوندەکەدان و، نەگیراوەتەوە و لەو ھێرشە سەرۆکی عەشیرەتی سەبعاوی (شێخ فارس) و ژمارەیەک سەربازی دیکە کوژراون، چونکە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی داعش زۆر ھاتبوون خۆیان تەقاندەوە."

 

گوتیشی، گوندی نەسر گوندێکی ستراتیژییە و، ئەگەر ئەو گوندە بگیرێت ئەو ناوچەیە ڕۆژھەڵاتی مەخموور تاوەکو سەر ڕووباری دیجلە ھەمووی ئازاد دەبێت، چونکە تەنها گوندێک نییە و، زۆر گرنگە و تەنها سەر پردی گەیارە دەمینێت و، سوپای عێراق تا نزیک گەیارە دەچێت.

(د. ئاراس حەسۆ میرخان) ڕوونیشی کردەوە، ھێزی پێشمەرگە بەشداری لەو ھێرشە نەکردووە و، تەنها ھێزی پشتیوانی بووە و، ھاوکارییان دەکات ئەگەر پێویست بکات.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار