٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ناوی کۆمپانیایەکی ئێرانی لە دۆسیەی گەورەترین بەرتیل و گەندەڵی لە عێراق ئاشكرا بوو

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  دوای ئەوەی لەلایەن دوو كەناڵی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاواییەوە پەردە لەسەر گەورەترین گەندەڵیی نەوت لە عێراق هەڵدرا، ناوی ئەو كۆمپانیایەش لە مۆناكۆ ئاشكرا بوو كە بە خاوەندارێتی بازرگانێكی ئێرانی بەشداربووە لە دۆسیەكەدا.

سایتی ڕووسیا ئەلیوم، بڵاوی كردەوە كە دوای ئاشكرابوونی گەورەترین گەندەڵی و بەرتیل خواردن لە عێراق لەلایەن فێبرفاكس میدیا و هافینگتۆن پۆست، كە تیایدا حوسێن شەهرستانی جێگری عەبادی بۆ كاروباری وزە و عەبدولكەریم لعێبی وەزیری پێشووی نەوت و بەڕێوەبەرانی كۆمپانیای نەوتی باشوور، بە وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار لە كۆمپانیا بیانییەكان تۆمەتبار كرابوون، دەركەوتووە كە ئەو بەرپرسانەی عێراق لە ڕێگەی كۆمپانیای (ئۆنا ئۆیل) لە مۆناكۆوە پەیوەندییان بە كڕیارانی نەوتەوە كردووە كە كەسێكی ئێرانی خاوەندارێتیی ئەو كۆمپانیایە دەكات.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، كۆمپانیای ئۆنا ئۆیل ئەركی پەیوەندیگرتن بووە لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی جیهان و دەستەبەركردنی بردنەوەی ئەوان لە پڕۆژە نەوتییەكانی عێراق. ئەمە لەكاتێكدایە كە حوسێن شەهرستانی و وەزیری پێشووی نەوتی عێراق ئەو تۆمەتانەیان ڕەتكردووەتەوە و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش داوای لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەو پرسە كردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار