٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ده‌رباره‌ی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ریگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ جێبەجێكردنی پڕەنسیپی دەستێوەردانی مرۆڤیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، بۆ ڕێگەگرتن لە تێداچوونی خەڵكی سڤیل كە لە ئەنجامی شەڕ و كاولكارییدا ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە. ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاساییش بڕیارێكی ڕاست و ڕەوا بوو و خزمەتی پاراستنی خەڵكی كوردستانی كرد و كوردستان توانی خۆی بپارێزێت و گەشە بە بوونی خۆی بدات.


ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌
بڕیاری ژمارە 688ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 5ـی نیسانی 1991 كە تێیدا بە پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوچەی دژەفڕین لە كوردستان دامەزرا، بڕیارێكی بوێرانە و مێژوویی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بۆ پاراستنی گەلی كوردستان لە هەڕەشە و پەلامارەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق. ئەم بڕیارە لە ئەنجامی نیگەرانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بارودۆخی خەڵكی سڤیل و ئاوارەكان  و هەورەها هەوڵی وڵاتانی زلهێز هاتە كایەوە.


بڕیاری 688، جێبەجێكردنی پڕەنسیپی دەستێوەردانی مرۆڤیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، بۆ ڕێگەگرتن لە تێداچوونی خەڵكی سڤیل كە لە ئەنجامی شەڕ و كاولكارییدا ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە. ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاساییش بڕیارێكی ڕاست و ڕەوا بوو و خزمەتی پاراستنی خەڵكی كوردستانی كرد و كوردستان توانی خۆی بپارێزێت و گەشە بە بوونی خۆی بدات. هەر لە ئەنجامی ئەوەیش هەرێمی كوردستان بوو بە فاكتەرێكی ئیجابی بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و خزمەتی بەرژەوەندیی ناوچەكە و جیهانی بە گشتی كرد و ئێستایش لە سەنگەری یەكەمی پاراستنی جیهانە لە هەڕەشەی تیرۆر.


بە پێزانینێكی زۆرەوە یادی دەركردنی ئەو بڕیارە گرنگەی كۆمەڵگەی جیهانی دەكەینەوە كە لە كات و ساتێكی گونجاودا لەپێناو ڕێگەگرتن لە كارەسات، ئەنجوومەنی ئاساییش دەستەڵاتی خۆی بەكار هێنا و ئەوەیش خۆی لەخۆیدا خزمەتی ئاشتی و ئاساییشی جیهانیی كرد. زۆر سوپاسی ئەو دەوڵەتانە دەكەین كە ڕۆڵیان هەبووە لە داڕشتن و ئامادەكردن و دەركردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاساییش كە ئێستایش هەموویان نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.


سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان


4ـی 4ـی 2016

هەواڵی پەیوەندیدار