سپۆتنیك: پێشمەرگە بەوپەڕی توانایەوە بەرگریی لە خاكی كوردستان دەكات

ئاژانسەکان-KDP.info- ئاژانسێكی ڕووسی لە ڕاپۆرتێكدا باس لە ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات كە بەوپەڕی توانایەوە بەرگریی لە خاكی كوردستان دەكات و بەرەنگاری داعش بووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیكی ڕووسیا، لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بە لێدوانی فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە دەكات كە داعش بە مەترسیی گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتی ناو دەبات، بۆیە دەڵێت پێشمەرگە بە هەموو توانایەوە هەوڵ بۆ پاراستنی كوردستان دەدات.
سپۆتنیك لە ڕاپۆرتەكەیدا دەنووسێت سوپای عێراق دەستی كردووە بە گرتنەوەی گوندەكانی سنووری مەخموور، بەڵام هێندەی پێشمەرگە توانای پێشڕەویكردنی نییە و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ بە ڕوونی دیارە، بۆیە ئەو ئاژانسە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە كاریگەرترین و سەركەوتووترین هێزی دژ بە داعش دەزانێت كە لە ماوەی ڕابردوودا ناوچەیەكی بەرفراوانی لە داعش پاك كردووەتەوە.




