شنگالییەكان كانتۆن و خەڵكێكی دیكە قەبووڵ ناكەن، كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاتبن

شنگال-KDP.info- بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شارۆچكەی شنگال رایگەیاند؛ حكوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە یەپەشە دەكات بۆ ئەوەی فیتنە و دووبەرەكی لە شنگال بڵاو بكاتەوە و، مەبەستیەتی، لە ڕێگەی یەپەشەوە ڕێگری لە گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكە و ئاوەدانكردنەوەی شارەكە بكات.
(وەحید باكۆزی) بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شارۆچكەی شنگال، بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاندووە، یەپەشە نەك بە تەنیا، بەڵكو پەكەكە و باڵەكانی، لەژێر ئەو ناوەوە حكوومەتی عێراق وەك هێزێك لەژێر ناوی حەشد شەعبی وەریگرتووە، كە لە هەموو ڕوویێكەوە هاوكارییان دەكات، بۆ ئەوەی فیتنە و دووبەرەكی لە شنگالدا بنێنەوە، ئەگەرنا پشتگیریی حكوومەتی عێراق نەبێت، ئەو خەڵكەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەواندایە، كە زۆرێك لەوانە بۆ پارە و بەرژەوەندیی خۆیان گەیشتوونەتە ئەو هێزە، ناتوانن هیچ هەنگاوێك بنێن.
سەبارەت بەوەی بۆچی حكوومەتی عێراق بەس لە شنگال پشتگیری لە پەكەكە دەكات، بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: هۆكارەكان دیارن، ئەمڕۆ حكوومەتی عێراق، نەك بە تەنیا لە شنگال پشتگیری لە پەكەكە دەكات بۆ دروستكردنی كێشە و ئاڵۆزی، بەڵكو لە سەرەتای ساڵی 2014 دەستی كرد بە بڕینی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەیش بۆ ئەوە بوو كە كێشە و ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستاندا بڵاو بكاتەوە و، ئەو ئەزموونە سەركەوتووەی هەرێم ئاڵۆز بكات و یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم تێكبدات، ئەوەی ئێستایش هەمان شتە و دەیەوێت لە سنووری شنگال، ئاژاوە بنێتەوە و لێنەگەڕێت خەڵكی ناوچەكە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
وەک (وەحید باكۆزی) دەڵێ، حكوومەتی عێراق ڕێگرە لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال، هەڵبەتە ئامادە نەبوو بە شارێكی وێرانە بیناسێنێ؛ باشە کە زیاتر 70%ـی شاری شنگال وێران بووە، بۆچی حیسابی ئەنباری بۆ ناکرێ؟، بە باوەڕی من ئەمە بەرەنجامی كەرب و كینەی ئەوانە بەرانبەر بە نەتەوەی كورد؛ ئاخر عەقلیەتی ئەوان ڕێگە نادات بە شێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ گەلی كورد و خەڵكی ناوچەكەدا بكەن.
(باكۆزی) جەخت دەکاتەوە، خەڵكی شنگال هیچ كاتێك كانتۆن و خەڵكێكی دیكە قەبووڵ ناكەن، چونكە دەزانن ئەگەر (سەرۆك بارزانی) نەبووایە، بە گۆڕان و بە پەكەكە ئەو شارە ئازاد نەدەكرا. خەڵکی شنگال دەزانن کە پەكەكە 15 مانگ لە دەوروبەری شنگال بوو نەیتوانی خانوویەكی شنگال ئازاد بكات، چۆن شارێکی پێ ئازاد دەكرێت؟، بۆیە ئەوەی دەگوترێت، جگە لە پڕۆپاگەندە و موزایەدەی سیاسیی و تێکدەرانە هیچی دیكە نییە، ئەگەرنا خەڵكی شنگال بڕیاری خۆیان دەدەن كە بە چ شێوەیەك سیستەمی حوكمڕانی لە ناوچەكە بەڕێوە دەبرێت، بۆیە ئەوە شتێكە و بە خەڵكی ناوچەكەوە گرێ دراوە.
بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال، گوتیشی، کێ پێشبینی دەکرد لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعاتدا، شنگال ئازاد بكرێت، بەڵام ئەوە بە هیمەتی فەرماندەیی و ستراتیژی (سەرۆك بارزانی) و ئامادەییەکەی بوو لەناو هێزەكانی پێشمەرگە، هەڵبەتە هێز و توانایەكی دیكەی دایە هێزی پێشمەرگە كە بتوانن لە ماوەیەكی كەمدا شنگال ئازاد بكەن، دوای ئازادكردنی شنگال تا ئێستا ژمارەیەكی باش لە خەڵكی ناوچەكە گەڕاونەتەوە و بەردەوامیش خەڵكی ناوچەكە دەگەڕێنەوە.
سەبارەت بە جموجۆڵی داعشیش لە ناوچەكەدا، (باکۆزی) ئاماژەی بەوە كرد، ورەی پێشمەرگە رۆژ بۆ رۆژ بەرز دەبێتەوە، لە هەموو میحوەرەكان داعش بەرەو لاوازی و لە ناوچوون دەچێت، ئێستا تیرۆیستان تەنیا تۆپ و هاون لە سەنگەرەكانی هێزەكانی پێشمەرگە دەگرن و، هیچی دیكەیان لە دەست نایەت.




