٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولسەلام بەرواری: عەبادی وای بۆ ناچێتە سەر

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان (عەبدولسەلام بەرواری)، دەربارەی حكوومەتە تەكنۆكراتـەكەی (عەبادی) دەڵێ، ئەم كارەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كە بە ناوی چاكسازییەوە دەیكات، تەنیا گۆڕینی كەسەكانە و هیچ مانایەكی نییە، چونكە هەمان تێگەییشتنیان بۆ حوكمڕانی هەیە. باوەڕیشی وایە، رۆییشتنی (مالیكی) و هاتنی (عەبادی)ـیش، هیچی بۆ كورد نەگۆڕی.

    
عەبادی وای بۆ ناچێتە سەر
(عەبدولسەلام بەرواری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەوە چاكسازی نییە (عەبادی) دەیكات، بەڵكو تەنیا گۆڕینی كەسەكانە كە لە رووی ئامانجەوە هیچ شتێك ناگۆڕێ، چونكە بیركردنەوەكە و تێڕوانین و تێگەییشتن بۆ حوكمڕانی هەروەك خۆی دەمێنێت ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە رۆییشتنی (مالیكی) و هاتنی (عەبادی)ـیش هیچی بۆ كورد نەگۆڕی، ناشكرێ (عەبادی) بەو شێوەیە ماف بە خۆی بدات و خۆی نوێنەر بۆخۆی دابنێـت بەبێ ئەوەی پرسیار بە لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی كورد لە بەغدا بكات، بەڵام بڕوام وا نییە بۆی بچێتە سەر، منیش لەگەڵ ڕای هەندێك لە چاودێرانی سیاسیم كە دەڵێن، ئەو هەنگاوە نزیكترمان دەخاتەوە لە سەربەخۆیی، چونكە بەغدا بە روونی دەڵێت، من و تۆ كارمان لەگەڵ یەكتردا نەما."

قسەی خۆمان بكەین، بەڵام بەشدار نەبین لە حكوومەتدا
لەو دۆخی گۆڕانکارییەدا کە (عەبادی) لەژێر گوشاری گرووپگەلی شیعەمەزەب و جەماوەردا هەنگاوی بۆی ناوە، زۆرێک لە سیاسەتوان و ئاکادیمیانی کورد بە دەرفەتی دەبینن، کە ئیدی واتایەک بۆ پێکەوەبوون(هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقدا) نەماوە، بەڵام هەرچی (بەرواری)ـیە ڕایەکی جیاوازتری هەیە و دەڵێ: "با كشانەوە لە حكوومەت لای ئێمەوە نەبێت، دەبێت زۆر هێمنانە كارەكە بكەین، چونكە گرانە و ئاسان نییە، جگە لەوەش، لایەنی بەرانبەرمان کە بەغدایە، بە هەڵە بیر دەكاتەوە و بە هەڵەیش ڕەفتار دەكات، بۆیە من لەگەڵ ئەوە نیم هەر قسەیش بكەین، چونكە كردار گرینگە، هەروەها سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش هەڵوێستەكەی روونە و لایەنەكان یەكدەنگن، ئەوەیش جێگای دڵخۆشییە".
دەگوترێ، (عەبادی) لەم ڕێگەیەوە ویستی پەیامێك بە هەرێمی كوردستان بدات و گەیاندیشی بەوەی كە دەتوانێ بەبێ بەشداریی كورد حكوومەت پێك بهێنێ؛ خۆ ئەگەر لەم ماوەیەدا حكوومەتەكەی پێك هێنا بەبێ گوێگرتن لە نوێنەرانی كورد، وەک (عەبدولسەلام بەرواری) گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئەوكاتە ئێمە هیچ كارێكمان لەوێ نامێنێت."
سەرباری ئەوەیش، (بەرواری) باوەڕی وایە کە پێویست بە كشانەوە ناكات و "چەندی بمانەوێـت لەوێ بمێنینەوە و دەنگی خۆمان بگەیەنین و بایكۆت نەكەین باشترە، چونكە بایكۆت واتا لەدەستچوونی دەرفەت بەوەی كە ناتوانی پەیامەكەت بگەیەنی، بەڵام مانەوەمان لە بەغدا و هەمیشە سووربوونمان لەسەر مافەكانمان، سوودی زیاترە بۆ پشتگیریی نێودەوڵەتییش، لەوەی كە ئێمە ئەگەر ناچار بكرێین جیابوونەوەمان رادەگەیەنین. بە بڕوای من لە جێگای خۆمان بمێنین و قسەی خۆمان بكەین باشترە، بەڵام بەشدار نەبین لە حكوومەتدا بەو شێوەیەی كە (عەبادی) كاندیدمان بۆ دیاری بكات."

(بەرواری) ڕوونیشی كردەوە: "عێراق ئێستا دابەش بووە و تەنیا بە ناو بە یەكگرتوویی ماوە، دەڵێن گوایە لایەنگرانی (سەدر) ئاهەنگ دەگێڕن و بە سەركەوتێكی گەورەی دەزانن، سوننەكان و شیعەكانیش دەیانەوەێ بۆ ماوەیەك بە خەڵك بڵێن كە ئێمە چاكسازی دەكەین، بەڵام ئەمە مامەڵەكردنێكی ناتەندروستە لەگەڵ پێكهاتەی دووەمی عێراق كە نەتەوەی كوردە، نیشانەی ئەوەیشە كە بە دڵنیاییەوە شتێك نییە بە ناوی عێراقەوە و سوننەكانیش شەڕی داعش نەبێـت، هەڵوێستی تریان دەبێت".

زەرەرمەند شیعەیە
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە لەبارەی لێکەوتەکانی وا گۆڕانکاریێکیشەوە باوەڕی وایە كە: "ئەوانەی زەرەرمەندن، زیاتر هێزە سیاسییەكانی شیعەن، دەبێت چاوەڕوان بین بزانین چی دەبێت، بە ڕای من ئێران كە هەژموونی لە عێراق كەم ببێت، رازی نابێ، لە نێوخۆی شیعەكانیشدا كێشە دروست دەبێت. بێگومان ئەگەر شەڕی داعش نەبووایە، بێ ئەو هەنگاوانەیش كێشەكە زیاتر قووڵ دەبوو و نەمانی عێراقی یەكگرتوو لە راستیدا زیاتر بەرچاو دەبوو. رەنگە شەڕی داعشیش وا بكات هاوپەیمانانیش پێیان باشتر بێت عێراق بەو جۆرەی ئێستا بمێنێتەوە، چونكە پێویستە بۆ شەڕی داعش حكوومەتی عێراق هەبێت، بەڵام لە راستیدا دەمێكە عێراقی یكگرتوو نەماوە."

فایزە پاڵانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار