مەرحەلەیەک لە سیاسەتی عێراقدا دەگاتە کۆتاییی خۆی

حوسێن کوردنەژاد
عێراقی دوای سەددام، بە بەشداریی پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە و بە بەشداریی دنیای دەرەوە داڕێژرا. گرینگترین بنەمای ئەم داڕشتنەوەیە بریتی بوو لە ئەسڵی فێدراڵیەت- بە واتای ئیدارەی وڵات لەسەر بنەمای تەوافوقی پێکهاتەکان.
لە دوای دوورکەوتنەوەی هێزی عەسکەریی ئهمهریکا لە دەورانی سەرۆک ئۆبامادا و پڕنەکردنەوەی شوێنی ئەم هێزە، بە زۆر هێزی ئیداری و گەشەی مرۆڤی و مەدەنییەوە لە لایەن ئهمهریکاوە، ئێران رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر پەرەی بە دەستەڵاتی خۆیدا لەم وڵاتەدا.
هەرچەند ئەم پرۆسەیە بەرەوپێشەوە دەچوو، ئەوەندەش عێراق لە پرهنسیپی تەوافوق و فێدراڵیەتی خۆی دوور دەکەوتهوه، سازکردنی حکوومەتی تێکنۆکرات- پێکهاتوو لە تاکە کەسان نەک لە نۆێنەرایەتیی پێکهاتەکان، بزماری دوایینە لە ئەسڵی فێدراڵیەتی عێراق و ئەو دەستوورە کە عێراقی تازە لەسەری بینا كرابوو.
لەم چەند ساڵەی رابردوودا، پێگهی کورد لەسەر بنەمای ئەم دەستوورە پێناسە دەکرا و، بۆیەشە کە بەردەوام موناقهشه لە پێوەندی لەگەڵ پابەندبوون و پابەندنەبوون بە دەستوور بەڕێوە دەچوو، ئێستا ئەمەش کۆتایی هات.
عێراق و کورد پێ دەنێنە مەرحەلەیەکی نوێوه، عێراق بەرەو حکوومەتی نەک تەوافوقی بەڵکوو زۆرینەی شیعە دەڕوات و کوردیش پێگهی فێدراڵی بەپێی یاسای بنەڕەتیی عێراق لە دەست دەدات و، ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە ستاتوسی دیفاکتۆی خۆیەتی و بەس.
ئەم وەرچەرخان و گۆڕانە، دەبێ هەم دنیای سیاسەتی نێوخۆی کورد و هەمیش دنیای سیاسەتی دەرەوە هەڵوێستەی جیددی لەسەر بکات و، بیر لە لێکەوتەکانی بکرێتەوە. دیداری ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ نۆێنەری سەرۆک ئۆباما لەم رووەوە گرینگە.
ئەحزابی کوردی بە مێشکی کوردییەوە دەبێ بیر لەم بارودۆخە تازەیە بکەنەوە، شەرعیەتی ئەحزابی کوردی لە پارلمانی عێراقدا لەسەر بنەمای نۆێنەرایەتیی کوردە نەک وەک هەر حیزبێکی عێراقی، بۆیە ئەگەر تەوافوق نەما، بوونی وان لە پارلمانی عێراقدا هیچ شەرعییەتێکی نامێنێت.
ئەوەی روو دەدات، گۆڕانێکی گرینگە بەرەو ئاسۆی خەراپ و ناڕوون. پاشگەزبوونەوەی شیعە لە تەوافوق و هەنگاوهەڵهێنانی بەرەو حکوومەتی زۆرینەی شیعە، دەبێ بۆ دۆست و دۆژمن ئاشکرا بکرێت.




