چونكه جلی كوردی پۆشیبوو، له ناوچه‌ی سه‌وزدا بێڕێزی پێ کرا

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، له خاڵێكی پشكنین له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدادا، سه‌ربازە عێراقییەک گاڵتەی بە جلە كوردییەکەم کرد؛ لێیانی قەبووڵ ناکەین.
(د. ئه‌شواق جاف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "له ناوچه‌ی سه‌وز له به‌غدای پایته‌ختی عێراقدا له بازگه‌یه‌ك سه‌ربازێك زۆر به بێڕێزی ئێمه‌ی ڕاگرت، کە بینیی جلی كوردیم له‌به‌ردایه و به جۆرێك قسه‌ی ده‌كرد و، داوای ناسنامه‌ی كرد، كه بۆی نییه داوای بكات له په‌رله‌مانتار، چونكه شوفێره‌كه‌م ناسنامه‌ی سه‌وزی هه‌یه و، پێی دا، كه‌چی ده‌ڵێت ئێوه ئیشی تەكسی ده‌كه‌ن! جا پێیم گوت به چ هەقێک قسەی وا دەکەی؟ جا مایه‌ی قه‌بووڵ نییه له ناوچه‌ی سه‌وزدا به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورددا بكرێت."
(جاف) گوتیشی: "په‌یوه‌ندیم به (حاكم زاملی)یه‌وه كرد و پێیم ڕاگه‌یاند، له به‌غدا پێكه‌وه‌ژیان ئەمەیە! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جلی كوردیمان له‌به‌ردایه، سه‌ربازێك سووكایه‌تی و بێڕێزیمان پێ دەکا! خۆ ئەوان ئێمه ده‌ناسن و دەزانن پەرلەمانتاری کوردین، ئیتر ئەم گێچەڵپێکردنە چییە!"
(د. ئه‌شواق) ده‌شڵێت: "زۆر سوپاسی حاكم زاملی و لیوا جاسم به‌رپرسی ناوچه‌ی سه‌وز و فه‌ریق محه‌ممه‌د ڕه‌زا به‌رپرسی پاراستنی گشت ناوچه‌ی سه‌وزیش ده‌كه‌م؛ ئاخر هەر کە په‌یوه‌ندیم پێیانه‌وه كرد زۆر به‌رپرسیارانه هاتنه ده‌نگ و گوتیان ئه‌مه بێڕێزییه و ده‌بێت سه‌ربازه‌كه سزا بدرێت."
نەشوان بەرزنجی




