فازڵ میرانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی رۆژنامەی خەبات کرد

هەولێر-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) لە ساڵرۆژی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات دەڵێ، دەرچوونی رۆژنامەی خەبات بە شێوەیەكی ئاشكرا و دوای زیندووبوونەوەی هیوای ژیانێكی ئارام و پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە دوای گەڕانەوەی بارزانی نەمر و هەڤاڵانی لە یەكێتی سۆڤیێتی پێشووەوە، بە دووپات كردنەوە لەسەر بە دیموكراتی بوونی عیراق وەك شێوازێكی نەگۆڕی حوكم لەم وڵاتەدا، بە ڕونی دەیسەلمێنێت عەقڵیەتی سیاسی و میدیایی كورد چەندە پێشكەوتوو بووە و هەمیشە پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی پەیامی سیاسی و میدیاییەوە دەیسەلماند كە بەشێكە لە چارەسەری و هیچ كاتێك بژاردەی شەڕ و تەعەداكردنی لە كەس نەكردۆتە دروشم و بنەما.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ رۆژنامەی خەبات
بەڕێزان : سەرنووسەر و رۆژنامەنووس و كارمەندانی رۆژنامەی خەباتی تێكۆشەر
سڵاوێكی كوردانەتان لێ بێت
بە بۆنەی 57ـەمین ساڵیادی بە ئاشكرا دەرچوونی رۆژنامەی خەباتی تێكۆشەرەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین بەو هیوایەی هەمیشە لە كاروانی كوردایەتی و خزمەتكردنی بواری میدیا لە كوردستاندا لە پێشەنگی دا بن و بەردەوام جەخت لەسەر رەوشتی بەرزی كوردانە و رەوشتی راستەقینەی میدیای راستگۆ بكەن وەك هەمیشە لەو رێگایەدا بوون.
بەڕێزان ..
دەرچوونی رۆژنامەی خەبات بە شێوەیەكی ئاشكرا و دوای زیندووبوونەوەی هیوای ژیانێكی ئارام و پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە دوای گەڕانەوەی بارزانی نەمر و هەڤاڵانی لە یەكێتی سۆڤیێتی پێشووەوە، بە دووپات كردنەوە لەسەر بە دیموكراتی بوونی عیراق وەك شێوازێكی نەگۆڕی حوكم لەم وڵاتەدا، بە ڕونی دەیسەلمێنێت عەقڵیەتی سیاسی و میدیایی كورد چەندە پێشكەوتوو بووە و هەمیشە پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی پەیامی سیاسی و میدیاییەوە دەیسەلماند كە بەشێكە لە چارەسەری و هیچ كاتێك بژاردەی شەڕ و تەعەداكردنی لە كەس نەكردۆتە دروشم و بنەما.
خەبات لە كاتێكی هەستیاردا داوای هەمان ئەو دروشمەی كرد كە تاوەكو ئێستا زۆر كەس لە نێو گۆڕەپاتی سیاسی عیراق دا بە حزب و كەسایەتی و ڕەوتی جیاوازەوە، یان ئەوەیە تێی ناگەن، یانیش نایانەوێ تێی بگەن، بۆیە تا ئێستاش عیراق سەقامگیر نەبووە و هەردەم لە قەیرانێكەوە بۆ قەیرانێكی دیكە تێپەڕیوە.
رۆژنامە تێكۆشەرەكەتان جگە لەوەی ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەڵام دەنگی گەلی كوردستان بوو، لە سەردەمی شۆڕش و ئاشتی و لەسەردەمی حوكمڕانی سیاسی و ئیداری كوردستان لە دوای راپەڕین و دوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆری بەغدا و لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، و هەردەم پێشەنگ بووە لە گەیاندنی مەینەتی و خواست و ویستی گەلی كوردستان
ئێستاش كە هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت و بواری میدیاش لە كاریگەری ئەم بارودۆخە لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە بەدەر نەبووە، خەبات هەردەم لە خەباتی خۆیدا بەردەوامە و بە راستی دروشمەكەی خۆی جێبەجێ كردووە كە دەڵێت : تا ژیان بەردەوام بێت، خەبات بەردەوامە.
بێگومان هەڤاڵان رۆڵ و جێی پەنجەتان دیار و بەرچاو بووە و چاوەڕوانی زیاتریشتان لێ دەكرێت بەتایبەتی لە بارودۆخی ئێستادا كە گەلی كوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی هاتنەدی ئامانجی سەرەكی ئەم گەلەیە كە خۆی لە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە، ئێوەش كە دەنگی پارتی و دەنگی ئەم گەلەن، داواتان لێ دەكەین هەموو تواناكانتان بخەنە گەڕ بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە و باشیش بزانن ئێوە كاریگەریتان بەسەر خەڵكی كوردستاندا زۆرە، چونكە هیچ كاتێك لە میسداقیەت لاتان نەداوە و بەردەوام پابەندی ئیتیكی راگەیاندن بوونە.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەم ، بە هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی بەردەوام بۆ یەكە یەكەتان.
براتان
فازڵ میرانی




