٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"یەپەگە و یەپەشە بێناسنامەن؛ بەغدا بۆ کێشەنانەوە ناردونی"

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێ، یەپەگە و یەپەشە نایانەوێت داعش ببڕێتەوە، چونکە تا داعش مابێت، ئەوانیش دەمێننەوە، بۆیە دەیانەوێت بەردەوام بەربەست بۆ شنگال دروست بکەن، ھەر لەبەر ئەوەشە بەغدا پشتگیریی دارایییان دەکات.

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە (قاسم دربۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەپەگە و یەپەشە بێناسنامەن و بە ھیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی کوردانی ئێزدی ناکەن و، شوێنی ئەوان شنگال نییە؛ کە داعش نەما دەبێ ئەوانیش ناوچەکە چۆڵ بکەن و لەو شوێنانە نەمینێن، چونکە ئەو ناوچەیە شوێنی ئەوان نییە و حکوومەت ھەیە."

(قاسم دربۆ) گوتیشی، پەنجا شەست ساڵە کوردانی ئێزدی قوربانی دەدەن بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، جا چۆن دەکرێت ھەندێک کەسی بێناسنامە بێنە ناوچەکە و کێشە بنێنەوە!

ئاماژەیشی دا، یەپەگە و یەپەشە ھاتوون تەنها کێشە دروست بکەن، چونکە ئەوان پێیان خۆشە بەردەوام کێشە ھەبێت و فیتنەیی بکەن؛ هیچ مەبەستیان نییە داعش ببێتەوە، ئاخر چاک دەزانن کە داعش بڕایەوە، ئەوانیش دەبێ ناوچەکە چۆڵ بکەن.

ئەو فەرماندە پێشمەرگەیە ڕاشیگەیاند، ئێمە وەکو بەرپرسانی کوردانی ئێزدی قسەمان کردووە بەیەکەوە و قبووڵ ناکەین ئەوان بەردەوام بەربەست بۆ ئێمە دروست بکەن، پێویستە سنوورێکیان بۆ دیاری بکرێت.

ئەوەشی گوت، حکوومەتی عێراق ئەو ھێزانەی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و پاڵپشتی دارایییان دەکات، بۆ ئەوەی کێشە بۆ ناوچەکە بنێنەوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار