٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئێرانییەكان بەرگری لە سیستمی مووشەكیی خۆیان دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرگری لە سیستمی مووشەكیی وڵاتەكەیان دەكەن و بە هۆكاری پاراستنی وڵاتەكەیان دەزانن.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران  ڕایگەیاند، بە ھیچ شێوەیەک ئێران دەستبەرداری بەرنامەی مووشەکیی خۆی نابێت. موحسین ڕەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە بەرنامەی مووشەکیی ئێران چەندین پیلانی ئەمەریکا و ئیسرائیلی دژ بە وڵاتەکەی ھەڵوەشاندوەتەوە، ھەر بۆیە ڕۆژئاوا دەیانەوێ کۆت و بەندی لەسەر دابنێت.

ڕەزایی وتیشی ئەوە پیلانی ئەمریکایە کە دوای دۆسیەی ئەتۆمی، دێتە سەر دۆسیەی مووشەکی و دواتر دۆسیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و سوپای پاسداران.
لەلایەکی دیکەوە، حوسێن دهقان وەزیری بەرگریی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەكەی وت كە تاران چاوی لە داگیركردنی هیچ وڵاتێك نییە و هەوڵەكانی تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیانە. پێشنیاریشی كرد ئەمەریكا و فەرەنسا و بەریتانیا لە جیاتی بەرگریكردن لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل، بیر لە پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان بكەنەوە.

هەر لەو بارەیەوە، عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران بەرگری لە سیستمی مووشەكیی وڵاتەكی كرد و ڕایگەیاند مووشەكە بالستییەكانی ئێران بۆ هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمی دروست نەكراون و ناڕەزایەتیی وڵاتانی ڕۆژئاوا تەنیا لایەنی پروپاگەندەی هەیە لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن. هەر سەبارەت بە سیاسەتی ئێران لە بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی سیستمی مووشەكی، عەباس عێراقچی ئەندامی شاندی باڵای وتووێژكاری ئەتۆمیی ئێران دووپاتی كردەوە كە چالاكییە مووشەكییەكانیان، تایبەتە بە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگریی ئێران، بۆیە ئامادە نین گفتوگۆ و دانوستان و دواتر سازشی لەسەر بكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار