كۆچكردن٩٠% كەمی كردووە.. ئەوە نەبووە كە پێشبینییان كردووە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەشی پەنابەر و رەوندی كورد لە بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران دەڵێت، لە ئێستادا كۆچكردنی پەنابەران پێچەوانە بووەتەوە و، لەجیاتی كۆچكردن، پەنابەران دەگەڕێنەوە، بۆیە بەپێی دوائامار كۆچكردن٩٠% كەمی كردووە.
(نەزهەت حوسێن)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا ئەو پەنابەرانەی كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات، لە رێگەی رێكخراوەخێرخوازییەكان و باڵیۆزخانەی عێراقەوە هەوڵی گەڕانەوە دەدەن بۆ ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەوانەی نیازی گەڕانەوەیان هەیە، ژمارەیان یەكجار زۆرە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ژیانیان لەوێ زۆر ناخۆشە و ئەوە نەبووە كە ئەوان پێشبینییان كردووە و دۆخیان زۆر خراپە، بۆیە دەگەڕێنەوە".
(حوسێن) گوتیشی: "لە ئێستادا كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات پێچەوانە بووەتەوە و، لەجیاتی كۆچكردن، خەڵك دەگەڕێتەوە، بۆیە بەپێی دوائاماری بەردەستی ئێمە، كۆچكردن٩٠% كەمی كردووە".
دەشڵێت، تەنیا لە ئەڵمانیا زیاتر لە شەش هەزار كەس ناوی خۆیان نوسیووە بۆ گەڕانەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، كە لەهەموو نەتەوەیەك پێك دێن.
بەڕێوەبەری بەشی پەنابەر و رەوندی كورد لە بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران ڕوونیشی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەزۆرناردنەوەی هیچ پەنابەرێكدا نییە، تەنیا ئەوانە نەبێت كە بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە.
ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەوانەی دەگەڕێنەوە، ئێمە ناوەكانیان تۆمار دەكەین و دواتر رێكخراو هەیە هەلی كار دەدۆزنەوە و بۆ ماوەی ساڵێكیش هاوكارییان دەكرێت.
بڵند ئیبراهیم




