لە ئازادکردنی کوردانی ئێزدی لە چنگ داعشان، یەپەگە رێگری دەکات

شنگال-KDP.info- سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ماوەیەکی زۆرە لە ھەوڵی ئازادکردنی کوردانی ئێزدییە لە دەست تیرۆریستانی داعش و، پارەیەکی زۆریان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خەرج کردووە، كه‌چی چەکدارانی یەپەگە و یەبەشە بەربەست دروست دەکەن.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە(قاسم دربۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "ماوەیەکی زۆرە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد سەرقاڵی ئازادکردنی 50کوردی ئێزدییە و پارەیەکی زۆری له‌و پێناوه‌دا خەرج کردووە کە 250هه‌زار دۆلار دەبێت، به واتای بۆ ھەر یەکێکیان 5ھەزار دۆلار خەرج کراوە تا توانرا لە دەستی داعش رزگار بکرێن. كه‌چی لە کاتی ئازادکردنیاندا، چەکدارانی یەپەگە به‌ریان پێ گرتوون و ویستویانە کێشە بنێنه‌وه و زۆری نەمابوو کێشەکە زۆر گەورە ببێت.''
ئەو فەرماندەیه‌ی پێشمه‌رگه گوتیشی، ''سه‌رباری ڕێگرییه‌كانیان له ئازادكردنی ئه‌و 50 ئێزدییه‌ی چنگ داعشان، یه‌په‌گه ھەستاون درۆیان هه‌ڵبه‌ستووە و له نێو خه‌ڵكیدا باسیان لەوە کردووە کە ئەوان ئەو کەسانەیان ئازاد کردوون، ئاخر ئه‌و قسه‌ڵۆكانه نه‌ك هه‌ر ھیچ بنەمایەکی نییە، به‌ڵكه درۆیه‌كی شاخداره ئه‌وان ده‌یكه‌ن.''
(دربۆ) نایشارێته‌وه كه، خەڵکی شنگال زۆر لە یەپەگە و یەبەشە بێزار بوونە، چونکە کێشەی زۆر بۆ خه‌ڵكی و ناوچەکەیش دروست دەکەن و، ئه‌وه بووه به پیشه‌یان.
ئەوەشی گوت، ''گەر ئەوان بەو شێوەیە بەربەست بۆ ئێمە دروست بکەن، زیاتر ناتوانین ئەوانەی لە دەست داعشدا ماون رزگاریان بکەین.''
بڵند ئیبراھیم




