دوازانیاری لەبارەی تەقینەوەكەی مەخموور

ههولێر-KDP.info- بەگوتەى ئەفسەرانی پۆلیسی شارۆچكهی مهخموور، ئۆتۆمبێلەكە كه له جۆری پڕادۆ بووه، لە سایدی پێچەوانە هاتووە و دوو پۆلیس قسەیان لەگەڵ شۆفێرەكەی كردووە، بەڵام دوای چەند چركەیەك خۆی تەقاندووەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، ئۆتۆمبێلەكەی داعش بە بیانووی ئهوهی برینداری پێ بووه، بەخێرایی هاتووەتە نێو شارۆچكەی مەخموور.
(ئاری سەباح) بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی مەخموور بە تهلهڤزیۆنی رووداوی گوت "تەقینەوەكە سهعات 9:25 خولەكی شەو بووە. ئەو ئۆتۆمبێلە پرادۆیە بە سایدی پێچەوانە بەرەو بنكەی پۆلیس هاتووە، بۆیە دوو ئەفسەری بنكەكه پرسیاریان لێی كردووە، لەو كاتەشدا دوای 7 چركە، ئۆتۆمبێلەكە تەقیوەتەوە".
(ئاری سەباح) گوتیشی "ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكان لە ناحیەی قەراجهوه هاتوون و پێشمەرگە چەند ئۆتۆمبێلێكی دیكەی لە باقرت تەقاندووەتەوە".
بەڕێوەبەری هاتوچۆی مەخموور گوتیشی "بەپێی كامێراكانی چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلە ژمارەكەی تابلۆ سپی بووە".
ههر بهگوێرهی زانیارییهكان، ئەو ئۆتۆمبێلەی داعش بەناوی هەواڵگری عێراقییەوە هاتووەتە نێو مەخموور.
لەبارەی وردەكاری هێرشەكانیشهوه، زانیاری ههبووه كه "لە باقرت چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش بەرەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە هاتوون، ئەو شوێنەش ساتری پێشمەرگەی لێ نییە. ئۆتۆمبێلی یەكەم، كە ئەوەیان بووە لە مەخموور خۆی تەقاندووەتەوە، قسەی لەگەڵ پێشمەرگەكان كردووە و خۆی بە هەواڵگری عێراق ناساندووە، دواتریش سێ ئۆتۆمبێلەكەی دیكە نزیك بوونەتەوە، لەو كاتەشدا یەكێكیان خۆی تەقاندووەتەوە، ئەوەش دەرفەتی داوە بە ئۆتۆمبێلی یەكەم تێپەڕێت. سێ ئۆتۆمبێلەكەی دیكەش لە سەنگەرەكەی پێشمەرگە لە باقرت یان خۆیان تەقاندووەتەوە، یان لەلایەن پێشمەرگەوە تەقێندراونەتەوە".
بهگوێرهی زانیارییهكان، ئەو ئۆتۆمبێلەی داعش لە بازگەی دووەمی پێشمەرگە گوتوویەتی هەواڵگریی عێراقییە و برینداری پێیە، بەهۆی ئەوەی دەنگی تەقینەوە بیستراوە لە بازگەی یەكەمی پێشمەرگە، بۆیە بە ئاسانی بەڕێكراوە.
شەوی رابردوو لە شارۆچکەی مەخموور و گوندی باقرت دوو تەقینەوە روویان دا، یەکێکیان لەبەردەم قایمقامیەتی و پۆلیسی مەخموور بووە و ئەوەی دیکەیان لە گوندی باقرت بووە.
لە تەقینەوەكەی بەردەم بنكەی پۆلیسی مەخموور سێ پۆلیس شەهید بوون، بەڵام تاوەكو ئێستا ژمارەی قوربانییەكانی باقرت بڵاو نەكراوەتەوە.




