"لە کەس قەبووڵ ناکرێ دەزگا ئەمنییەکان لەکەدار بکات"

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشوناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ھەندێک کەس و لایەن بەردەوام لە ڕێی ھەندێک میدیاوە لێدوانی ناڕاست دەربارەی دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان دەدەن، جا با باش بزانن ئەم دەزگایانە مڵکی ھەموو خەڵکی کوردستانە و، لێیان قەبووڵ ناکرێت؛ وا ڕۆڵی ئەم دەزگایانە لەسەر ئاستی جیهان گرینگییەکی زۆری پێ دراوە، بۆ دەبێ لە ناوخۆدا سووکیان بکەین؟!
(نازم ھەرکی) جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشوناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەندێک خەڵک و لایەن بەردەوام ھەوڵ دەدەن بۆ کەمکردنەوەی گرینگیی ئەمنیەتی ھەرێمی کوردستان و لەکەداری دەکەن؛ بە داخەوە لە ھەموو وڵاتان پرسی ئەمنی لە ھەموو بوارێک گرینگترە، كهچی لەم هەرێمەدا ھەندێ کەس و لایەن دەیانەوێ لەکەداری بکەن؛ دیارە ئەم دەزگایە پەیوەستە بە ھەموو تاکێکی کوردەوە و، مڵکی ھیچ کەس و لایەنێک نییە."
(نازم ھەرکی) گوتیشی، ''ئەمنیەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو جیهاندا دەنگی داوەتەوە و، زۆر باسی لێوە دەکرێت و گرینگییەکی زۆری پێ دەدرێت، چۆن دەکرێ لە ناو خۆماندا بەو شێوەیە ڕۆڵی ھێزە ئەمنییەکان کەم بکرێتەوە و لەکەدار بکرێت.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشوناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێم لە ئۆپهراسیۆنی گەورەگەورەدا بەشدار دەبن، تەنانەت لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و لە ناو جەرگەی داعشدا؛ ئەوەتا لە ناو جەرگەی داعشدا کەسانی لاشەڕ (سڤیل)یان ڕزگار كردووه و گەورەتیرۆریستیان لێ دەڕفێنن یان خافڵکوژیان دەکەن؛ جا ئەوانەی لە ھەندێ میدیای سێبەرەوە ھەوڵی لەکەدارکردنی ئەمنیەتی ھەرێم دەدەن، بەزمەکەیان سەر ناگرێ و، دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی خۆیاندا.''
دەیشڵێت، ئەو دەزگا ئەمنیانە مڵکی ھەموو کەسێکە و، بەبێ جیاوازییش گشت کەسێک دەپارێزێت، ''جا با ئەو کەس ولایەنانە باش بزانن لێیان قەبووڵ ناکرێت بەو شێوەیە لە گرنگیی ئەو ھێزە ئەمنیانە کەم بکەنەوە و لەکەداری بکەن.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشوناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەشی دا، ھێزە ئەمنییەکان شەوڕۆژ لە ئەرکدان بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان؛ ئەوەی لە پێگەی دەزگا ئەمنییەکان بدا، دوایی خۆی لێی بەرپەرسیارە.
دیارە چەند کەس و لایەنێک لە ڕێگەی ھەندێک میدیاوە بەردەوام ھەوڵ دەدەن لە پێگەی دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێم کەم بکەنەوە و، لەکەرداری بکەن و، بوختانیان پێ دەکەن و، درۆیان بۆ هەڵدەبەسن.
بڵند ئیبراھیم




