بەبێ پێشمەرگە مووسڵ ڕزگار ناکرێت

مەخموور-KDP.info- جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور_گوێڕ دەڵێ، بە بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە یەکەم قۆناغی ڕزگارکردنی مووسڵ لە مەخموورەوە پێشمەرگە بەشدار نەبووە، بەڵام بۆ قۆناغەکانی دیکە پێشمەرگە بەشدار دەبێ، لەبەر ئەوەی سووپای عێراق بەبێ پێشمەرگە مووسڵی پێ ڕزگار ناکرێت.
(د. ئاراس حەسۆ میرخان) جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور_گوێڕ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەبەر کەشوھەوای خراپ، جارێ ئۆپراسیۆنەکەی سوپای عێراق لە سنووری مەخموورەوە ڕاگیراوە؛ دەڤەرەکە وەها بووەتە قوڕولیتە، ئۆتۆمبێل لێی دەرناچێ؛ ڕەنگە حەفتەی دابێتەوە هێرش بکەنەوە."
(د. ئاراس حەسۆ میرخان) گوتیشی، ڕەنگە گەیارەیان پێ ڕزگار بکرێ بەڵام وا زوو لێ نابنەوە؛ دیارە ئەوان وەکو پێشمەرگەیان پێ ناکرێ، ئاخر پێشمەرگە کە هێرشی کرد بەرەو شوێنێ، هەتا ڕزگاری نەکا، واز ناهێنێت.
جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور_گوێڕ ڕوونیشی کردەوە، زۆر بە لامانەوە سەیرە هەتا هەیا گوندێک دەگرنەوە بە سێ چوار ڕۆژیان پێ دەچێت، بەڵام دیارە بە لای خۆیانەوە ئاساییە؛ ڕەنگە شێوازی شەڕکردنەکەیان وا بێت!
ئەوەشی خستە ڕوو، سوپای عێراق، بە تەنیا مووسڵی پێ ڕزگار ناکرێت و، پێویستە پێشمەرگەیش بکەوێتە گەڵیان.
جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور_گوێڕ باسی لەوەش کرد، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بڕیاری داوە کە لە قۆناغی یەکەمی ڕزگارکردنی مووسڵ، واتە هەتا ڕزگارکردنی گەیارەیە بەشدار نەبێت، بەڵام بۆ ڕزگارکردنی باشیک و ناوچەکانی دیکەی سەر بە مووسڵ پێشمەرگە بەشدار دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




